٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەشواق جاف: پەرلەمانتارانی عێراق چاوەڕوانی هێرشی تیرۆریستانن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -  تایبەت بە  KDP.info/ ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمانتارانی عێراق وردەكاری هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر بینای پەرلەمانی عێراقیان لەبەردەستە و چاوەڕوانی ئەو هێرشەن.

ئەندامی هاوپەیمانی كوردستانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف بە (kdp.info)ی راگەیاند: پەرلەمانتارانی عێراق وردەكاری پلانی هێرشی تیرۆریستانیان لەبەردەستە بۆ سەر بینای پەرلەمان، و بەجۆرێك چاوەڕوانی ئەو هێرشەن بكرێتە سەریان كە تێیدا تەنیا 50 كەس دەكوژن، ئەم زانیارییە خۆی لەخۆیدا سەمەرەترین هەواڵە لەپەرلەمانی عێراق.

ئەوەشی گوت، سەرەتا هەواڵەكە تووشی شۆك بووم چۆن پەرلەمانتاران زانیارییان لەبەردەستدایە بەتایبەت وردەكاری پلانەكە ئەمە مانای ئەو پەڕی فەشەلی دەزگا تەناهی و پەیوەندارەكانە كە تیرۆریستان بتوانن پلان بۆ بینایەكی وەكو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دابرێژن و دەستەوەستان بن، تەنانەت وای لێهاتووە لەكافتریای پەرلەمان بەئاسایی باسی لێوە دەكرێت.

باسی لەوەش كرد، بەگوێرەی پلانەكە تیرۆریستان سەرەتا بارهەڵگرێك لەبەردەم دەرگایەكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەتەقێننەوە دواتر بەهۆی سەرقاڵ بوونی پاسەوان و پارێزەرانی بینای پەرلەمانەوە بەو بەرهەڵگرەوە چەند تیرۆریستێك سنووری پەرلەمان دەبەزێنن و تەنیا 50 كەس دەكوژن، ئەوەی لای پەرلەمانتاران روون نییە ئەو 50 كەسەیە كە تیرۆریستان دەیكوژن، جێی پرسیارە بۆچی تەنیا ئەو ژمارەیە دەكوژن، ئەگەر هەموو پەرلەمانتاران و پاسەوان و فەرمانبەران وەك یەك ئامانجی تیرۆریستانن بۆچی هەموویان نابنە ئامانجیان؟

زیاتر گوتی، لەكاتێكدا دەخوازم پلان و بەرنامەكانی تیرۆیستان لەسەرتاسەری عێراقدا شكست بهێنێ، هیچ پێشمەرگەیەكیش پەنجەیەكی خوێنی لێنەیە، پێشمەرگەی پاسەوانی پەرلەمان بەدڵسۆزی ئەركی سەرشانی خۆیان ئەنجامدەدەن، بەڵام ئایا بۆ حكوومەت و پەرلەمان ژمارەی پاسەوانەكانی پەرلەمان زیاد ناكات و بەرنامەی نییە؟ هەرچەندە هیچ جیاوازییەك لەنێوان گیانی پەرلەمانتارێك و هاوڵاتییەكی ئاساییدا نییە و پەرلەمانتار خزمەتكاری هاوڵاتییە، بەڵام بینای پەرلەمان و دامودەزگاكانی وڵات رەمزی دەوڵەتی عێراقین.

جێی باسە بۆ رێگری لەهەر هێرشێكی تیرۆریستان رۆژی شەممەی رابردوو 26ی تشرینی یەكەم كرایە پشوو بۆ ئەوەی بینای پەرلەمانی عێراق بپشكێندرێ لەهەر ماددەیەكی تەقینەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار