هاوپەیمانیی كوردستان: پێكهێنانى ئەنجوومەنى ئاسایشی هەرێم دەستوورییە و پێشتریش بەكردەیی هەبووە

گوتەبێژی هاوپەیمانیی كوردستان رایگەیاند: دامەزراندنى ئەنجوومەنى ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەستوورییە و ئەو دەزگایە پێشتر بەكردەیی هەبووە.
موئەیەد تەیب گوتەبێژی هاوپەیمانیی كوردستان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباسى راگەیاندووە: دامەزراندنى ئەنجوومەنى ئاسایشی هەرێم بەپێی فەرمانێكی سەرۆكایەتیی هەرێم بووە كە شێوەیەكی یاسایی هەیە و لە دەستووری عێراقدا جێگیر كراوە.
گوتیشى، ئەو ئەنجوومەنە لە چەند دەزگایەك پێكدێ كە پێشتر بەكردەیی هەبوون، دامەزراندنى ئەو ئەنجوومەنە تەنیا بۆ رێكخستنى ئەو دەزگایانەیە كە سەركەوتوو بوونە لە جێگیركردنى دۆخى تەناهی لە هەرێم، ئەمەش بووەتە هۆى بووژانەوەى ئابووریی ئەو هەرێمە و رووكردنى هەزاران كۆمپانیا بیانى بۆ وەبەرهێنان لە هەرێم و هەموو دنیا شایەتیی ئەو سەقامگیرییە دەدەن و بەعێراقێكی تر ناوى دەبەن.
هەروەها گوتى، كارى ئەو ئەنجوومەنە كارێكی سیاسییە دژی چالاكیی رێكخراوە تیرۆریستییەكان، باندەكانى مادە هۆشبەر، هەر كار و چالاكییەكى دژى تەناهیی هەرێم بێ، هەروەها هەبوونى ئەو ئەنجوومەنە رۆڵی هەرێمی كوردستان لە شەڕی ناودەوڵەتی دژی تیرۆر بەهێزتر دەكا.




