٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێک سەردانی پەڕلەمانی فیدرالی بەلجیکای کرد

سەرچاوە: KDP.info

لەدرێژەی کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە 29/10/2013،دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی سەردانی پەڕلەمانی فیدرالی بەلجیکای کرد و لەوێ لەگەڵ بەڕێز 'ئەندرێ فلاهۆ' سەرۆکی پەڕلەمانی فیدڕالی بەلجیکا کۆبۆوە. لە میانەی دیدارێکدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان وبەلجیکا کرا. لە سەرەتادا دلاوەر ئاژگەیی سوپاسی ئەو بەخێرهاتنە گەرمەی کردکە لێیان کرا و ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خوازیاری پەیوەندی پتەوە لەگەڵ دام و دەزگا فیدرالی و هەرێمایەتییەکانی بەلجیکا. لە لای خۆشیەوە سەرۆکی پەرلەمانی بەلجیکا خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو سەردانەی شاندی حکومەتی هەرێم دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئەوان بە گرنگییەوە لە عێراق بە گشتی وهەرێمی کوردستان بەتایبەتی دەڕوانن. لە تەوەرێکی دانیشتنەکەدا باس لەلێکچوون و خاڵە هاوتەریبەکانی هەردوو سیستەمی فیدرالی بەلجیکا و عێراق کرا ودلاوەر ئاژگەیی ئاماژەی بەو ڕاستییە کرد کە بەلجیکا مێژوویەکی دوورودرێژی لەگەڵ سیستەمی فیدرالیدا هەیە و عێراق و هەرێمی کوردستانیش، لەگەڵ ئەوتایبەتمەندیانەی کە هەیانە، دەتوان سوود لەو ئەزموونە وەربگرن

پاشان سەرۆکی پەرلەمانی بەلجیکا چەند پرسیارێکی ئاراستەی شاندەکەی هەرێمی کوردستان کرد و لە لای خۆشیەوە نوێنەری حکومەتی هەرێم بارودۆخی سیاسی و دواهەلبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرۆکی پەرلەمان شیکردەوە. لە لایەکی پرسی ئاوارەکانی ڕۆژئاوا تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکە بوو لەو چوارچێوەیەدانوێنەری حکومەتی هەرێم ئاماژەی بە نزیکبوونەوەی وەرزی زستان کرد کە دەبێتەکێشە بۆ ئەو ئاوارانە و داوای هاریکاری لە یەکێتی ئەوروپا و ولاتی بەلجیکاکرد پتر بەدەنگ ئەو ئاوارانە بێن. لە دواتەوەری دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێخۆشکردن بۆ کۆمپانیا بەلجیکییەکان وردتر باسیان لێوەکرا و لەو چوارچێوەیەدا چەند بیر و ڕایەک بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندیانە ئاڵوگۆڕ کران. لەگەڵ شیکردنەوەی بارودۆخی لەباری کوردستان بۆ وەبەرهێنان، دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی سەرۆکی پەرلەمانی بەلجیکای کرد بۆ سەردانی هەرێمی کوردستان و بەڕێزیشیان ئەو داوایەی قبووڵ کرد و بەڵێنی دا گەر دەرفەت هاتەپێش، بەخۆشحاڵییەوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

 

هەواڵی پەیوەندیدار