گیرفانبڕەكانی بەردەم بانكەكان لە هەولێر دەستگیر كران

هەولێر - KDP.info/ لە كاتێكدا كە سەرقاڵی بڕینی گیرفانی هاووڵاتییەك بوون،دوو كەسی بە ڕەگەز عەرەب لە لایەن نووسینگەی باشووری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێرەوە قۆڵبەست كران.
نەقیب ئومێد عارەب ئەفسەری نووسینگەی باشووری پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بە دەزگاکانی راگەیاندنی رایگەیاند: دوای سەرهەڵدانی چەند حاڵەتێكی بڕینی گیرفانی هاووڵاتیان و دزینی پارە لێیان لەناو بانك و چەند فەرمانگەیەكی دیكەی حكوومیدا، هێزەكانمان لە نووسینگەی باشووری هەولێر، دەستیان بە لێكۆڵینەوەی ورد كرد و، توانییان دوو تاوانبار كە بە ڕەگەز عەرەبن و خەڵكی شاری مووسڵن بە ناوەكانی (ج.ڕ.ع ) لەدایكبووی (1953) لەگەڵ (ع.ب.ص) لەدایكبووی (1954) لە كاتی ئەنجامدانی تاوانێكدا دەستگیر بكەن كە بڕینی گیرفانی هاووڵاتییەك بوو و بڕی (800) دۆلاریان لە گیرفانی هاووڵاتییەكە دەرهێنابوو.
نەقیب ئومێد عارەب، ڕوونیشی كردەوە كە دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو تاوانبارانە كراوەتەوە و دانیان بەوەشدا ناوە كە جگە لەو تاوانە، چەند جارێكی دیكەش تاوانی هاوشێوەیان لە سنووری شاری هەولێر و مووسڵ ئەنجام داوە. دادوەریش بڕیاری داوە بە ڕاگیركردنی تاوانبارەكان و تەواوكردنی لێكۆڵینەوە بە پێی ماددەی (446) لە یاسای سزادان.




