خەڵاتی سەرۆك كۆماری توركیا بەخشرایە هونەرمەندی كورد ئەحمەد قایا

ئەنقەرە- KDP.info/ خەڵاتی ئەمساڵی سەرۆك كۆماری توركیا لە بواری كلتور و مۆسیقادا بەخشرایە هونەرمەندی كۆچ كردووی كورد ئەحمەد قایا.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی یوكسەكئۆڤا خەبەر بڵاویكردەوە كە رۆژی دووشەممە سەرۆكایەتی كۆماری توركیا خەڵاتەكانی خۆی پێشكەشی ئەو كەسانە كرد كە لە لایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكان دەستینشان كرا بوون.
خەڵاتی ئەمساڵی سەرۆك كۆماری توركیا لە بواری هۆنەر و مۆسیقادا بەخشرایە هۆنەرمەندی كۆچ كردووی كورد ئەحمەد قایا.
بەخشینی ئەو خەڵاتی بە ئەحمەد قایا هاوكاتە لەگەڵ رۆژی لە دایك بوونی ئەو هۆنەرمەندە كوردە، ئەحمەد قایا لە ساڵەكانی كۆتایی سەدەی بیستەمدا لە لایەن نەتەوە پەرەستە توركەكانەوە بە بیانوی پروپاگەندە بۆ پەكەكە و دابەشكردنی توركیا تاوانبار كرا، بۆیە بە ناچاری توركیای بەجێ هێشت و لە فەرەنسا نیشتەجێ بوو و دواتر هەر لەو وڵاتە كۆچی دوایی كرد.
لە لایەكی دیكەوە سەرۆكی پارتی نەتەوە پەرەستی توركیا دەوڵەت باخچەلی رەخنەی توندی ئاراستەی سەرۆك كۆماری توركیا كرد و رایگەیاند كە بەخشینی ئەو خەڵاتە بە ئەحمەد قایا پشتگیری كردن لە پروپاگەندە كردن بۆ دابەشكردنی توركیایە.




