ئەندامێکی لیژنەی یاسایی: پێویستە تاوەکو 10رۆژی دیکە پەرلەمانی نوێ، کۆبێتەوە

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، بەپێی یاسا پێویستە لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن دەستەی دادوەری لەماوەی 10رۆژ پەرلەمانی نوێ، کۆبێتەوە.
د.ئەحمەد وەرتی ئەندامی لیژنەی یاسایی لە خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان بەkdp.infoراگەیاند: دوای ئەوەی دەستەی دادوەری ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەندکرد، بە پێی یاسا پێویستە لەماوەی 10رۆژ سەرۆکایەتی ھەرێم مەرسومێک دەربکات، بۆ ئەوەی پەرلەمانی نوێ، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات و ھەر لە یەکەم کۆبوونەوەش ئەندامان سوێندی یاسایی دەخۆن و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت.
د.ئەحمەد وەرتی گوتیشی: ئەگەر لەماوەی ئەم 10رۆژە سەرۆکی ھەرێم، ھیچ داوایەکی ئاراستە نەکرد، ئەو کات لەدوای 10رۆژ پەرلەمان سەرپشک دەبێت و دەتوانێت کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات.
وەرتی رونیشیکردهوە، خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ1/11/2013درێژکراوەتەوە و ئەگەر تا 2/11/2013پەرلەمانی نوێ، کۆنەبێتەوە بۆشایی یاسایی دروست دەبێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ دەستەی دادوەری ھەرێمی کوردستان ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرد.




