عێراق لەسەر ئاستی جیهان لەپلەی نۆهەمدایە كە خاوەنی زۆرترین سامانی سروشتییه

عێراق - KDP.info/ ڕاپۆرتەكەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئەوە ئاشكرا دەكات، بەهای سامانە سروشتییەكانی عێراق دەگاتە نزیكەی (15) ترلیۆنو (900) ملیۆن دۆلار كە خۆی لە نەوتو غازی سروشتیو فۆسفاتدا دەبینێتەوە.بەپێی ڕاپۆرتێك كە ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریكی بڵاویكردۆتەوە، عێراق لەسەر ئاستی جیهان لەپلەی نۆهەمدایە لەنێو ئەو وڵاتانەی كەخاوەنی زۆرترین سامانی سروشتین.لەمانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا لەمیانەی خستنەڕووی پلانی وەزارەتەكەیان، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرایكرد: كۆی داهاتی گشتی دەوڵەتی عێراق لەنێوان (2013 بۆ 2017) دەگاتە (812) ترلیۆنو (263) ملیار دینار،بەشێوەك كە لەسەدا (95)ی ئەو داهاتە لەرێ فرۆشی نەوتە بەدەست دەهێنرێتو لەسەدا (5)یش لەرێگەی داهاتە نا نەوتییەكان دەستبەر دەبێت.پسپۆڕانی سامانە سروشتیەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە ژینگەی عێراق یەكێكە لەو ژینگانەی كە بە سامانە سروشتییەكان دەوڵەمەندە، بەڵام ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە چۆنێتی وەبەرهێنانو سوود وەرگرتنە لەو سامانانە، چونكە تا ئێستا چەندین سامانی سروشتی لەعێراق بەهەدەر دەدرێت یان سود لێوەرنەگێراوە.بەپێی راپۆرتەكەی ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریكی روسیا بە پلەی یەكەم دێت لەجیهاندا لەڕووی سامانە سروشتییەكان كە بەهای سامانەكانی بە (75) ترلیۆنو (700) ملیار دۆلار مەزندە دەكرێت،لەدوای ئەوەیشدا ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دێت كە بەهای سامانە سروشتییەكانی دەگاتە (45) ترلیۆنو (55) ملیار دۆلار.




