ئەردۆغان: بە دیالۆگ هەموو كێشەكانمان چارەسەر دهبێت

وان- KDP.info/ سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە درێژەی سەردانەكەی خۆی بۆ شاری وان، رۆژی یەكشەممە لە گەڵ ژمارەیەك نوێنەر و بەرپرسی رێكخراوە ناحكومەییەكانی ئەو ناوچەیە كۆ بوویەوە و لە كۆبوونەوەكەدا باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كوردی كرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی تی ئار تی بڵاویكردەوە كە سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندووە كە چەند مانگێكە شەڕ و توندوتیژی راوەستاوە، ئاشتی و تەبایی باڵی بەسەر ناوچەكە كێشاوە و ناوچەكە لە هەر روویەكەوە بووژاوەتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا باسی ئەوەی كردووە كە ئەوان وەكو حكوومەت لە دژی سیاسەتی توركیایەتی و سیاسەتی كوردایەتین و ئامانجی سەرەكەیان خزمەت كردنی خەڵكە.
ئەردۆغان هەروەها ئاماژەی بەوە داوە كە ئەگەر توندوتیژی نەمێنێ ئەوا دەتوانن هەمووی كێشەكان بە دانوستان و كردنەوەی دڵی خۆمان بۆ یەكتر چارەسەر بكەین.
ناوبراو جەختی لەوە كردووەتەوە كە رێگای دیموكراسی تەنیا لە دیالۆگ و دانووستاندا تێپەڕ دەبێ و توندوتیژی و بەكار هێنانی هیز دەبێتە هۆكاری لاواز كردن و لە ناوبردنی دیموكراسی.




