كلیچدارئۆغلو: نازانین ناوەرۆكی پرۆسەی ئاشتی چییە

ئەستەنبۆڵ- KDP.info/ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری رایگەیاند كەس بەرهەڵستیی راگرتنی شەڕ و خوێنڕشتن ناكا بەڵام ئەو نازانێ ناوەرۆكی پرۆسەی ئاشتی چییە. بە پێی هەوالێكی ئەنادۆلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری كەمال كلیچدارئۆغلو جەختی لەوە كرد كە شەڕ و خوێنڕشتن خراپن و كەس بەرهەڵستی راگرتنیان ناكات، هەموومان حەز دەكەین ئارامی باڵ بەسەر ناوچەكەدا بكێشێ، بەڵام من نازانم پرۆسەی ئاشتی چییە و ناوەرۆكەكەی چییە.
كلیچدارئۆغلو هەروەها گوتی: من چوار مەرجم بەبەرێز سەرۆك وەزیران گوت، بۆ نموونە گوتم: با پرۆسەكە ئاشكرا بێ و نهێنی نەبێ، روون و شەفاف بێ، ئەنجامەكە بە خەڵك بڵێ، ئەو شتەی ناتوایت لەژێری دەربچیت مەیكە. پێمان گوتی وەرە پشتگریت دەكەین چارەسەر بكە، ئەو گوتی: پێویستمان بە پشتگیریی تۆ نیە. هەندێ جار دەگوترێ ئەھا پرۆسەكە تەواو بووە، دواتر دەگوترێ نا نا بەردەوامە، ئەمە راستە یان راست نیە، تێناگەین. بەڵام ئەوە دەزانین لەلایەك عەبدوڵا ئۆجەلان و لە لاكەیتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان هەیە. هەردوو یەكتر دەبینن و مامەڵە لەگەڵ یەك دەكەن، نامە بۆ یەكتر دەنێرن، نامە بۆ قەندیل دەڕوا، ئەو شتەی پێم ناخۆشە ئەوەیە ٧٦ ملیۆن كەس زانیاری لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە قەندیلەوە وەردەگرن، ئایا ئەمەتان پێ خۆشە؟ بۆچی سەرۆك وەزیران و وەزارەتی ناوخۆی ئەم وڵاتە زانیاری لەوبارەوە بەخەڵك نادەن، تا لە قەندیلەوە وەرینەگرن.
دواتر كلیچدارئۆغلو ئاماژەی بە ٣٤ قوربانیەكەی گوندی رۆبۆزكێ كرد و گوتی: تۆ لە رۆبۆسكی ٣٤ رۆڵە دەكوژیت و باجی ئەمە نادەیت و دوایی دەڵێی دیموكراسی دیموكراسی! ئەمە نابێ نا. ئەو ٣٤ كوژراوەی رۆبۆسكی رۆڵەی ئێمەن، گرنگ نیە ئەوانە چ خەڵكانێكن، ئەوانە هی ئێمەن، بەرپرسیاری ئەوەیش یەك كەسە كە سەرۆك وەزیر ئەردۆغانە.




