سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 6کەس بە هۆی دژایتیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێدارە دراون

زاهیدان – KDP.info / سەردۆزگەری دادگەی ئینقلابی زاهیدان ڕایگەیاند کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 6کەس لە گیراوانی سەر بە گرووپێکی نەیاری کۆماری ئیسلامی لە سێدارە دراون.محەمەد مەرزیە، سەردۆزگەری دادگەی عموومی و ئینقیلابی زاهیدان، بە ئاژانسی هەواڵی فارسی سەر بە سوپای پاسدارانی راگەیاند: سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شازدە کەس لە ژێر ناوی ئاژاوەگێڕانی سەر بە تاقمگەلی نەیاری نیزام لە سێدارە دراون.شەوی رابردوو گرووپێکی چەکدار کە تا ئێستا ناسنامەیان ئاشكرا نەبووە، هێرشیان کردە سەر بنکەی چەکدارانی سنوورپارێزی ئێران لە کەزبستانی سەر بە شارستانی سەراوان و لە ئاکامدا 17 چەکداری ئێرانیان کوشت و ژمارەیەکیشیان بەدیل گرتن سەردۆزگەر مەرزیە روونیشی کردۆتەوە کە دەوڵەت پێشتر وشیاریی داوە بە گرووپەکانی نەیاری رژێم کە، هەر چەشنە زیان گەیاندنێک بە هێزە سەربازییەکانی بێ وەڵام ناهێڵێتەوە. ناوبراو دووپاتیشیکردەوە کە ئەم پۆلە گیراوە، بە تۆڵەی کوژراوەکانی شەوی ڕابردووی سەر سنووری پاکستان لە سێدارە دراون.هاوکات دوێنێ هەینی، حەبیبوڵا گوڵپەری پوور لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی گرتووخانەی ورمێ، بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرابوو و سەرلەبەیانیی ئەمڕۆش، هەواڵی لە سێدارەدرانی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەنرا.شیاوی ئاماژەیە کە تەنیا لە چەند مانگی ڕابردوودا کە کابینەی سەرکۆماری نوێی ئێران حەسەن ڕووحانی بە دەستەڵات گەیشتووە، نزیکەی ١٥٠ هاووڵاتیی کورد و ئێرانی لە سێدارە دراون. ئەمە بێجگە لە کوژرانی دەیان کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لەسەر سنوورەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان.




