دیندار زێباریپێشوازی لەبەرپرسی نوێی رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە هەرێم دەكات

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / د. دیندار زێباری یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە پێشوازی كرد لە بەڕێز ئەنواز حنیف بەرپرسی نوێی رێكخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی، بە یاوەری بەرپرسی پێشوی رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە هەرێم.
یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە پیرۆزبایی لە بەرپرسی نوێی رێكخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی كرد، بۆ وەرگرتنی پۆستی نوێی و باس لە رۆلی رێكخراوی ناوبراوی كرد، كە جێگای پەنچەیان دیارە و لە رۆژگارە سەختەكاندا بەهانای گەلی كوردستان هاتووە. هەروەها باس لە چالاكییەكانی رێكخراوی ناوبراو و هاوكارییە مرۆیییەكان کرا، كە پێشكەش بە گەلی كوردستان كراوە. لە نۆوەتەكانەوە وە تا ئێستە بەردەوامە و ئێستەش بە هانای ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان دێن، كە لە هەرێم نیشتەجێن.
هەردوولا تیشكیان خستە سەر رەوشی پەنابەری ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان بە تایبەتی لە كەمپی دۆمیز كە حكوومەتی هەرێم بە هاوكاری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان یارمەتی زیاتر و باشتر پێشكەش بكرێت بۆ بەڕێوەبردنی كەمپەكە بۆ ئەوەی گوزەرانی پەنابەرەكان لە ئاستێكی بەرزی كۆمەڵایەتیدا بێت.
بەڕێز ئەنواز بەرپرسی نوێی رێكخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی روونیكردەوە كە پەیوەندییەكی پتەو لە گەڵ ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەوتەوەیەكگرتووەكان هەیە و لە هەندێك بابەتدا پێكەوە كاردەكەن، چونكە رێكخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی زیاتر كار بۆ ئاوارە ناوخۆییەكان دەكات، بەڵام ئەمەش وای نەكردووە كە هاوكاری مرۆییی بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكان بە بەردەوامی پێشكەش بە ئاوارەكانی سوریا بكەن و لە سەردانەكەیان بۆ كەمپی دۆمیزی بۆی دەركەوتووە كە رەوشی پەنابەران زۆر باشترە لە جاران بە هاوكاری ئاژانسی پەنابەران و حكوومەتی هەرێم.
جێگای باسە لەسەرەتای ساڵی 2012 بەهۆی نالەباری و تێكچوونی باری ئەمنی لە سوریا ژمارەیەكی زۆری پەنابەران روویان لە وڵاتەكانی توركیا و ئەردەن و لوبنان و عێراق كردووە، بەمەش لە هەرێمی كوردستان، رێكخراوی كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران بەهاوكاری رێكخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی و دەزگا حكومییە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم و ئاژانسەكانی تری نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەوڵی بەردەوام دان بۆ پێشكەش كردنی خزمەتگوزارییەكان بە پەنابەران.




