خولێكی نوێی دانوستانەكانی تایبەت بە ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتی ئەورووپادا دەستپێدەكاتەوە

برۆكسڵ – KDP.info/ یەكێتی ئەورووپا خولێكی نوێی دانوستانەكانی لەگەڵ توركیا سەبارەت بە ئەندامبوونی ئەو وڵاتە لە یەكێتییەكەدا دەستپێ دەكاتەوە. وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا لە نوێترین كۆبوونەوەیاندا لە لۆگزامبۆرگ لەسەر ئەنجامدانی ئەو دانوستانانە رێككەوتوون.
بڕیارە رۆژی پێنجی مانگی تشرینی داهاتوو یەكێتی ئەورووپا بۆ یەكەمین جار لەسەر پرسی سیاسەتی ناوچەكە لەگەڵ توركیا گفتوگۆ بكات.
هاوكات ستیڤان فولی كۆمسیاری كاروباری فراوانی یەكێتی ئەورووپا لە لێدوانێكدا رایگەیاند: ئەمجارە بیست و هەشت وڵاتی یەكێتی ئەورووپا لە خولی سازكردنی وتوێژ لەگەڵ توركیا كە لە پێنجی مانگی تشرینی داهاتوو لە برۆكسول ساز دەكرێت بەشدار دەبن و فولی گوتیشی: پێشڤەچوونەكانی ئەم جارەی توركیا گرنگی بەشداربوونی ئەنقەرە لە یەكێـتی ئەورووپا دووپات دەكاتەوە، بەڵام بە بەردەوام یەكێتی ئەورووپاش پێوەرە بۆ چاكسازییەكانی ناوخۆی توركیا. شایانی باسە لە ساڵی دوو هەزارو پێنجەوە توركیا دەست بە وتوێژ لەگەڵ یەكێتی ئەورووپا كردووە بە ئەنجامی ئەوەی ببێـتە ئەندام لە یەكێتی ئەورووپا.




