پارێزگاری هەولێر پێشوازی لەشاندێكی USAIDو پارێزگاری شاری هانكۆی فنلەندی دەكات

ههولێر- KDP.info/ نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگادا پێشوازی لە شاندێكی ئاژانسی USAIDی ئەمریكی كرد كە بریتی بوون لە براد باكستێر بەرێوەبەری پرۆژەی توانا مرۆییەكان و ئێریك میلیستری بەرێوەبەری بەشی هەلی كار .
لەدیدارەكەدا باس لە رەوشی هەرێمی كوردستان و هەماهەنگییەكانی پارێزگاو رێكخراوەكە كرا لەبواری راهێنان و برەودان بە توانا مرۆییەكان .
رێكخراوی ناوبراو بەرنامەی تازەی خۆی راگەیاند بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆو پەیمانگاكان و پیشە كاران لە رێگەی سیستەمێكی تازە لە میانەی پێگەی ئەلیكترۆنی www.erbilmanpower.comكە هەموو كەس دەتوانی سوود لەو بەرنامەیە وەربگرێت بۆ دەسكەوتنی هەلی كارو گەیشتن بە پیشەی گونجاو بە پێی پسپۆری و شارەزایی خۆی .
ئەو بەرنامە تازەش وەكو هاوكاریكردنێكی حكومەتی هەرێم و پارێزگای هەولێرە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار و برەودان بە تواناسازی بۆ هەموو سێكتەرە پیشەسازی و تەكنیكی و كارگێریەكان و، فریاكەوتنی ئەو پێشوەچوونەی باری ئابووری و گەشەپێدانیشە لە هەولێری پایتەخت لە رووی توانای مرۆییەوە .
لەلایەكی دیكەوە پارێزگاری هەولێر هەر لە دیوانی پارێزگاوە پێشوازی كرد لە جۆكۆ ماكینین پارێزگاری شاری هانكۆی فنلەندی و شاندی یاوەری كە بەسەردانێكی فەرمی لە هەولێری پایتەختن .
لە دیدارەكەدا باس لە رەوشی سیاسیی و ئەمنی عێراق و رەوشی هەرێمی كوردستان و ئەو سەقامگیری و پێشكەوتنەی بوارەكانی ئاوەدانی و گەشەپێدان كراو، جەخت لە زەروورەتی برەودانی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ولاتی فنلەندا كرا لە تێكرای بوارەكان و، بەتایبەتیش گەشتوگوزارو ئالوگۆری شاندەكان و شارەزایی و ئالوگۆری ئەزموونی كارگێری .




