ئەشواق جاف: پێكەوەژیان لەعێراقدا تەنیا دروشمە

بەغدا- تایبەت بە KDP.info/ نوێنەرێكی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەعێراقدا پێكەوە ژیان نییە و ئەوەشی هەیە تەنیا دروشمە، رێگە نادرێ زمانی كوردی و عەرەبی وەك یەك بێ لەعێراق ئیتر چۆن رێگە دەدرێ لەسەر بابەتە چارەنووس سازەكان داوای مافی كورد بكرێ.
ئەندامی هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف، بە (KDP.info)ی راگەیاند، ئەو پەرلەمانتارانەی لەكۆبوونەوەەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا دژایەتی ئەوەیان كرد ناكرێ زمانی كوردی و عەرەبی وەك یەك لەهەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بەكار بهێنرێن جارێكی دیكە ئیسپاتی دەكات پێكەوە ژیانی عێراقی ئەمڕۆ تەنیا دروشمە و راستی نییە.
ئەوەشی گوت، ئەگەر پێكەوەژیان لەعێراقدا راستە چی زیانێكی هەیە بۆ هاوڵاتیان كە زمانی عەرەبی و كوردی وەك یەك بێ لەعێراقدا لەدەستووریش هاتووە كەئەم دووزمانە زمانی فەڕمییە، دەركەوت كە تەنیا بڕگەیەكی یاسایی تەرجوومە دەكەین بۆ یاسا ئەوان چ دەكەن، ئیتر چاوەڕێی چی دەكەین لەداهاتوو كە ئەمە بابەتی زمانێكە وای بۆ دەكەن ئاخۆ بۆیاسا و پرسە گرنگەكان چ بكەن؟
پێویست بوو ئەمڕۆ بۆجاری دووەم دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای زمانە فەڕمییەكان بدرێ.
جاری یەكەم دەنگدانەكە راگیرا بەو پێیەی هەندێ لەنەتەوەپەرستەكان دەنگیان نەدا لەسەر ماددەیەك كەلەدەستووریش هاتووە بۆیە دواخرا بۆ ئەمجارە، ئەمڕۆش بەو هۆیەی لەماددەی 4ی پرۆژەكەدا هاتووە زمانی عەرەبی و كوردی زمانی فەڕمین وەك یەك لەكۆبوونەوەكانی هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق و وەك یەك بەكاردەهێنرێ، وە زۆر بەزەحمەت ئەو رێژە دەنگە هات تائەم ماددەیە پەسەند كرا.
لەماددەی پێنجی پرۆژە یاساكەدا هاتووە زمانی كوردی لەكۆبوونەوەكانی هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم زمانی فەڕمییە و زمانی عەرەبیش لەدوای ئەو دێ، پێشنیازە یاساییەكە داواكارە ماددەی پێنجەم لاببرێ بەو هۆیەی پێچەوانەی ماددەی چوارەمە.
پتر گوتی، لەلایەن چەند نەتەوەپەرستێكەوە كەوتنە دژایەتی ئەم ماددەیە و داوایان كرد كە دووبارە دەنگبدرێتەوە لەسەر ماددەی چوارەم، بۆ ئەوەی دەنگی پێنەدەنەوە و ئەو ماددەیە لاببرێ، بەڵام بەهۆی دروستبوونی ژڵەژاوویكەوە كەلەسەر زمانە فەڕمییەكانی عێراق دروست بوو سەرۆكی پەرلەمان دەنگدانەكەی راگرت بۆ كاتێكی دیكە، كوردیش داوای كرد كە هاتەوە ناوپەرلەمان لەماددەی شەشەوە دەست پی بكرێتەوە.
بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەگەر 50 واژۆ كۆبكرێتەوە ئەوا پرۆژە یاسایەك دەتوانرێ بهێنرێتەوە بۆ ناو پەرلەمان بۆیە مەترسی ئەوە هەیە بهێنرێتەوە بۆ ناو پەرلەمان و ماددەی 4 شكستی پێبهێنرێ.




