لیستی ھاوپەیمانی نیشتیمانی رێگری دەکات زمانی کوردی ببێتە زمانێکی فەرمی عێراق

بەغدا-تایبەت بەKDP.info/ پەرلەمانتارێکی کورد ئاشکرایکرد، لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆکرا لەبارەی پڕۆژە یاسای زمانە فەرمیەکان، بەڵام لیستی ھاوپەیمانی نیشتیمانی رێگری کرد زمانی کورد وەک زمانی عەرەبی ببێتە زمانێکی فەرمی .
لەمبارەیەوە د.رزگار ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی بەkdp.infoراگەیاند: پڕۆژە یاسای زمانە فەرمیەکان لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ تاوەکو مادەی پێنج گفتوگۆی لەبارەوە کرا، بەڵام دواتر لیستی ھاوپەیمانی نیشتیمانی رێگری کرد کە زمانی کوردی بەھەمان شێوەی زمانی عەرەبی لە عێراق فەرمی بیت، بۆیە گفتوگۆکردن لەبارەیەوە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
د.رزگار گوتیشی: بەپێی مادەی چواری دەستور دوو زمانی فەرمی لە عێراق ھەیە ئەویش زمانی عەرەبی و زمانی کورد، بەڵام لیستی ھاوپەیمانی نیشتیمانی رێگری لە مادەیەکی دەستوری کرد جێبەجێبکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوشکرد، ھەموو کوتلەکانی دیکە جگە لە ھاوپەیمانی نیشتیمانی لەگەڵ ئەوە دابوون زمانی کوردی بەھەمان شێوەی زمانی عەرەبی لە ھەموو عێراق فەرمی بێت.




