٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژمارەیەك میدیاكار و ڕۆژنامەنووسی كاناڵە عەرەبییەكان دەكات

سەرچاوە: KDP.info

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی 10ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەك نوێنەر و میدیاكار و ڕۆژنامەنووسی ئەو كاناڵە عەرەبییانە كرد كە لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن.

لە دانیشتنێكدا سەرەتا نوێنەری كاناڵە عەرەبییەكان زۆر سپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەم دیدارە و هاوخەمیی و سەرەخۆشیی خۆشیان بۆ كەسوكاری قوربانیانی ڕووداوە تیرۆریستییەكەی هەولێر ڕاگەیاند و دەستخۆشیشیان لە هەوڵ و ماندووبوونی دەزگاكانی ئاساییش كرد كە لە ماوەیەكی كەمدا ئەنجامدەرانی ئەم تاوانەیان ئاشكرا كرد. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیاندا میدیاكاران ستاییشی ئاساییش و ئازادییەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد و سەركەوتنی پڕۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردنی پارلەمانی هەرێمی كوردستانیشیان هەم بۆ عێراق و هەمیش بۆ هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە نموونەیی لە قەڵەمدا.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد و لە وتەیەكدا باسی لە بایەخی ڕاگەیاندن لە بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی و گەشەسەندنی دیموكراسی كرد و بە تایبەت لە سەردەمی تازەدا هۆكارێكی گرنگە بۆ گواستنەوەی زانیاری و ڕاستییەكان بۆ هاووڵاتییان و گوتی: " ڕاگەیاندنی بنیاتنەر و بەرپرس دەتوانێ لە پڕۆسەی گەشەسەندندا موعجیزە دروست بكات". سەرۆك بارزانی بە پێویستیشی زانی كە ئاسانكاریی تەواو هەبێت بۆ ئەوەی میدیاكار و ڕۆژنامەنووسان بتوانن كاری خۆیان ئەنجام بدەن. سەبارەت بەو ڕێوشوێنە ئەمنییانەی لە بازگەكانی هەرێمدا دەگیرێنە بەر سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە ئامانجی سەرەكی لەو ڕێوشوێنانە پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان و ڕێگەگرتنە لەوەی تیرۆریستان ئاسوودەیی خەڵك بشێوێنن.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دەرگەی پرسیار بۆ میدیاكار و ڕۆژنامەنووسان كرایەوە و لەبارەی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی چەندین پرسیار ئاڕاستەی سەرۆك بارزانی كران. لە وەڵامی پرسیاری چۆنییەتی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە پێكهێنانی حكوومەتی تازەی هەرێم بەندە بە دەرئەنجامی دانوساندنی لایەنەكان لەگەڵ یەكتر و پێویستیشە لایەنەكان بەرژەوەندیی گشتیی وڵات و هاووڵاتیانیان لەبەرچاو بێت و خۆیان لە هەموو جۆرە ئیبتیزازێك بپارێزن. لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش سەرۆك بارزانی گوتی: " هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەیە كە هەڵبژاردن بەشێوەی یەكبازنەیی بەڕێوە بچێت چونكە زیاتر ڕەچاوی پڕەنسیپەكانی دیموكراسی و دادپەرەوەری دەكات. بەهیچ شێوەیەك نابێ بۆ یاسای پێشووی هەڵبژاردن بگەڕێنەوە و ئەگەر هەر بەدیلێكیش هەبێت پێویستە قەرەبووی ئەو زوڵمە بكرێت كە لە ئەنجامی سیستەمی فرەبازنەیی لە هەرێمی كوردستان دەكرێت".

سەبارەت بە قەیرانی سووریا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە دەبێ گەلی سووریا بڕیار لە دواڕۆژی خۆی بدات و ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخە ئەوەیە كە سووریای داهاتوو سووریاییەكی دیموكرات و فرەلایەن بێت و ڕەچاوی مافەكانی گەلی كوردیش بكرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار