عەراقچی: ئەمەریكییەكان لە دانووستانەكاندا جددین

تاران – KDP.info/ عەباس عەراقچی ئەندامی شاندی دانوستانكاری ئێرانی رایگەیاند كە لە دانوستانەكانی ژنێڤدا، لایەنی بەهێزی دانوستانەكان جددیەتی هەر دوولا بوو. هەروەها عەراقچی ئاماژەی بەوەشدا كە ئەگەر دانوستانەكان بەو جددیەتە بەرەو پێش بچن، لە ماوەی شەش مانگ تا یەك سالی دیكە، دەرهاوێشتەیەكی ئەرێنی لێ دەكەوێتەوە.
عەراقچی ئاماژەی بەوەشدا كە لایەنی ئێرانی چاندنی متمانەی بە هەنگاوی یەكەمی دانوستانەكان لەقەلەمدا. هاوكات جەختی لەوەش كردەوە كە ئەمریكیەكان بە هێنانی شارەزایەكی بواری سزاكانی سەر ئێران بۆ دانوستانەكانی ژنێڤ جددیەتی خۆیان سەلماند. عەراقچی لەبارەی لابردنی سزاكانی سەر ئێران، رایگەیاند لابردنی سزاكان هەنگاوێكە و پێویستە رۆژئاوا بۆ گەراندنەوەی متمانە بیهاوێژێت.
لە لایەن خۆشیەوە وەزیری گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاند قسە كردن لە سەر كەمكردنەوەی سزاكان هێشتا زوویە و پێویستی بە هەنگاوی زیاترە.




