نوورای مەرد: مافی كوردە دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت

ئەسەن، ئەڵمانیا- KDP.info / نووسەر و رۆژنامەنووسی توركیا نوورای مەرد لە میانی بەشداریكردنی پێشەنگای كتێب لە ئەڵمانیا رایگەیاند كە مافی كوردە ببێتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دیموكرات خەبەر بڵاویكردەوە كە نوورای مەرد رۆژی دوو شەممە لە شاری ئەسەنی ئەڵمانیا بەشداری لە پێشەنگایەكی كتێب كرد و رایگەیاند كە لە سەدەی بیست و یەكەمدا كورد مافی هەیە ببێتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی و نابێت كەس لە دژی بەكار هێنانی ئەو مافە بێت.
نوورای مەرد لە بەشێكی دیكەی گوتەكانی خۆیدا باسی بارودۆخی نێوخۆیی توركیا كرد و گوتی: لە توركیا دیموكراسی زۆر لاوازە و ئەو رۆژنامەنووسانەی كە لە سەر پارتی دەسەڵات بابەتێك بنووسن لە لایەن حكوومەت و سەرۆك وەزیرانی توركیاوە لە سەر كار لا دەدرێن و لە جیاتی ئەواندا كەسانی نزیك لە خۆیان دادەمەزرێنن.
نوورای مەرد ئاماژەی بەوە كردووە كە چەند جار بابەتی رەخنە ئامێزی لە بارەی حكوومەت و پارتی دەسەڵاتدارەوە نووسیوە و دواجار خودی سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان هەڕەشەی لێكردووە و پێ راگەیاندووە كە ئەگەر بێدەنگ نەبێت، ئەوا خۆی بەرپرسیار دەبێت لە هەر جۆرە هەڵوێستێكی حكوومەت.




