٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شەڕ و پێكدادان لە نێوان پۆلیس و دانیشتوانی نوسێبین رویدا

سەرچاوە: KDP.info

نوسێبین-KDP.info/  رۆژی دووشەممە لە هەر دوو لای سنووری نێوان توركیا و سوریا كوردانی دانیشتووی شارەكانی نوسێبین و قامیشلو دەستیان بە خۆپیشاندان بۆ پرۆتستۆكردنی دامەزراندنی دیوار لە سەر سنور كرد و پۆلیس هێرشی كردە سەر خۆپیشاندەران.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی ئیلكەخەبەر بڵاویكردەوە كە رۆژی دووشەممە دانیشتوانی شارەكانی نوسێبین و قامیشلو لەم دیو و ئەو دیوی سنوردا بۆ پرۆتستۆكردنی راكێشانی دیوار لە سەر سنور دەستیان بە خۆپیشاندان كرد و پۆلیسی توركیا هێرشی كردە سەر خۆپیشاندەرەكان.

لە سەرەتای هێرشەكەدا پۆلیس گازی فرمێسكڕێژی بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەرەكان بەكارهێنا، بەڵام خۆپیشاندەرەكان لە وەڵامی ئەو هێرشەی پۆلیسدا هێرشیان كردە سەر هێزەكانی پۆلیس و لە ئاكامدا شەڕ و پێكدادان لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەرەكاندا هاتە ئاراوە و ژمارەیەك خۆپیشاندەر و پۆلیس بریندار بوون.

دانیشتوانی شاری قامیشلو لەو دیوی سنور بۆ پشتگیری  كوردانی نوسێبین لە بەرانبەر هێرشی پۆلیسی توركیادا بە بەرد هێرشی پۆلیسیان كرد و پۆلیسیش چەندین بۆمبەی فرمێسكڕێژی بۆ ئەو دیوی سنور فڕدا و دانیشتوانی قامیشلۆش بۆ ئیدانەكردنی ئەو هێرشەی پۆلیس هێرشیان كردە سەر سێ ناوەندی پاسەوانی سنور لە ناوچەكەدا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار