سبەى پەرلەمانى عێراق دەنگ لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەك دەدات

بڕیارە سبەى سێ شەممە پەرلەمانى عێراق لە 4مین دانیشتنى وەرزی یەكەمی ساڵی سێیەمی یاسادانانى دەنگ لەسەر 7 پڕۆژەیاسا و خوێندنەوەى یەكەم و دووەمیش بۆ 7ى تر بكات.
د.سەعید رەسوول خۆشناو ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانی كوردستان بەئاكانیوزى راگەیاندووە: بڕیارەى سبەى سێشەممە پەرلەمانى عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا دەنگ لەسەر 7 پڕۆژەیاسا بدا و خوێندنەوەى یەكەم بۆ 4 پڕۆژەیاسا و دووەمیش بۆ 3ى تر بكات.
گوتیشى: كارنامەى دانیشتنى سبەى بریتی دەبێت لە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساكانى، گەیاندن و زانیارى، پێشنیازى هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى ئەنجوومەنى سەكردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشێنراو ژمارەكانى 120 لە 7ى تەمووزی 1998، 27 لە 4ى شوباتی 1992، 542 لە 9ى شوباتی 1989، 1360 لە 11ى تەمووزی 1985ـ 276 لە 2ى تەمووزی 1985، 50 لە 30ى ئاداری 2000.
هەروەها گوتی: هەر لەو دانیشتنەدا خوێندنەوەى یەكەم بۆ پڕۆژەیاساكانى، پەسندكردنى رێككەوتننامەى هاریكاریی و یاسایی لە بوارەكانى سزادان لە نێوان كۆمارى عێراقی فیدراڵ و كۆمارى ئێران، پەسندكردنى رێككەوتننامەى هاریكاریی و یاسایی لە بوارەكانى شارستانى و كاربارى كەسییەتی لە نێوان كۆمارى عێراقی فیدراڵ و كۆمارى ئێران.
ئاماژەی بەوەشداوە كە خوێندنەوەى یەكەم بۆ هەردوو پڕۆژەیاسای پەسندكردنى رێككەوتننامەى گواستنەوەى سزادراوان لە نێوان عێراق و ئێران، پەسندكردنى رێككەوتننامەى دانەوەدەستی تۆمەتباران و سزادراوان لە نێوان كۆمارى عێراقی فیدراڵ و كۆمارى ئێران.
خۆشناوئەوەشی ئاشكراكرد كە هەر لە دانیشتنەكەى سبەیدا خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاسای زمانى رەسمی و پڕۆژەیاسای بەرگریی شارستانى و پڕۆژەیاسای حزبەكان دەكرێ.




