٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كۆی قەرزە عێراق گەیشتۆتە زیاتر لە 39 ملیار‌و 914 ملیۆن دۆلار

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا - KDP.info/ بەپێی راپۆرتێكی ئەنجوومەنی نۆینەران، كۆی قەرزە دەرەكییەكانی عێراق تا كۆتایی ساڵی 2012 گەیشتۆتە زیاتر لە 39 ملیار ‌و 914 ملیۆن دۆلار، كە زۆربەی ئەو قەرزە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانی كەنداو. وەزارەتی دارایی عێراق قەرزەكانی وڵاتەكەی بۆ چوار جۆر پوڵین كردووە، كە خۆی لە قەرزەكانی وڵاتانی یانەی پاریس ‌و وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس‌ و قەرزە بازرگانییەكان ‌و قەرزەكانی وڵاتانی هاریكاری وڵاتانی كەنداو بەدیی دەكات. بەپێی راپۆرتێكی فەرمانگەی توێژینەوە سەر بەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقكە تایبەتە بەقەرزە دەرەكییەكانی عێراق تا كۆتایی ساڵی رابردوو، قەرزەكانی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو دەگاتە 27 ملیار‌ و 639 ملیۆن دۆلار. هەروەك راپۆرتەكە ئاماژە بەوەش دەکات، وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو ‌ هەر یەك لە سعودیە‌ و قەتەر داواكاری خۆیان لە بارەی قەرزەكانیان كە بە عێراقیان داوە پێشكەش بەسندوقی نێودەوڵەتی دراو كردووە، لە بەرانبەریشدا عێراق شاندێكیرەوانە كردووە بۆ لای سندوقی نێودەوڵەتی دراو بۆ سڕینەوەی ئەو قەرزانە بەرێژەی لەسەدا 100، بەڵام وڵاتانی كەنداو هیچ بڕیارێكیان لەوبارەیەوە وەرنەگرتووە.

راپۆرتەكەی فەرمانگەی توێژینەوە سەر بەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەش دەخاتەڕوو، قەرزەكانی وڵاتانی یانەی پاریس كە ژمارەیان دەگاتە 18 دەوڵەت،  دەگاتە زیاتر لە 9 ملیار ‌و 444 ملیۆن دۆلار، كە ئەم وڵاتانە جگە لە ئەمەریكا ‌و دانیمارك قەرزەكانیان لە سەر عێراق بەرێژەی لە سەدا 80 كەمكردووە، ئەمەریكا ‌و دانیماركیش بەرێژەی لە سەدا سەد‌و روسیا بەرێژەی لەسەدا 92، ئەوەی كە ماوەتەوە ‌و دەگاتە لە سەدا 20 جارێكی تر دانەوەی بەخشتە كرایەوە. قەرزەكانی وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس، دەگاتە زیاتر لە 2 ملیار ‌و 712 ملیۆن دۆلار، هەروەك قەرزە بازرگانییەكانی عێراق دەگاتە زیارتر لە 118 ملیۆن دۆلار.

 

هەواڵی پەیوەندیدار