لە نەخۆشخانەكانی توركیا دەست بە بەكار هێنانی سیستەمی وەرگێڕی كوردی كرا

ئەنقەرە- KDP.info/ لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیا و ئازادی زمانی كوردی لە دامودەزگا رەسمییەكانی ئەو وڵاتەدا، بە فەرمانی وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتە دەست بە بەكار هێنانی سیستەمی وەرگێر بۆ زمانی كوردی كراوە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی نووچەخانە بڵاویكردەوە كە وەزیری تەندروستی توركیا محەمەد موئەزنئۆغڵو رایگەیاندووە كە بۆ باشتر خزمەت كردنی هاووڵاتییانی كورد لە ناوچە كوردنشینەكاندا بڕیار دراوە كە لە نەخۆشخانەكاندا كار بە سیستەمی وەرگێڕی كوردی بكرێت.
موئەزەنئۆغڵو ئاماژەی بەوە داوە كە ئامانج لە كار كردن بە سیستەمی وەرگێڕی كوردی باشتر تێگەیشتنی پزشك و نەخۆشەكان لە یەكترە و لە داهاتوویەكی نزیكدا لە هەر هەمووی نەخۆشخانەكانی توركیا كار بەو سیستەمە دەكرێت.
وەزیری تەندروستی توركیا جەختی لەوە كردووەتەوە كە بۆ دابین كردنی وەرگێڕ وەزارەتی تەندروستی بڕیاری داوە تا ژمارەیەك كارمەند كە شارەزای زمانی كوردی و توركی بن تەعین بكات.




