ژمارەی كوردە دەستگیر كراوەكانی یارسان بۆ 85 كەس بەرز بوویەوە

تاران- KDP.info/ دوای كۆبوونەوەی هاووڵاتییانی كوردی یارسان لە بەردەم پەرلەمانی ئێران لە شاری تاران، هێزە ئەمنییەكان هێرشیان كردە سەر گردبوونەوەكە و سەرەتا 50 كەسیان دەستگیر كرد و دوای نێوەڕۆی هەمان رۆژ هێزە ئەمنییەكان ئۆپەراسیۆنێكی دیكەیان لە دژی كوردانی یارسان ساز كرد و 35 كەسی دیكەیان دەستگیر كرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی كوردانە بڵاویكردەوە كە رۆژی یەكشەممە بە سەرپەرەشتی ئەنجومەنی هاوكاری یارسان، ژمارەیەك هاووڵاتی كوردی یارسان بە مەبەستی ئیدانە كردنی بێ رێزییەكانی رژیم لە بەرامبەر كوردانی یارسان لە بەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە تاران گردبوونەوەیەكیان ساز كرد.
لە سەرەتای گردبوونەوەكەدا هێزە ئەمنییەكان هێرشیان كردووەتە سەر گردبوونەوەكە و چوار ئەندامی ئەنجومەنی هاوكاری یارسان و 29 خۆپیشاندەریان دەستگیر كردووە و بەوجۆرە كۆتاییان بە خۆپیشاندانەكە هێناوە.
بەڵام دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ هێزە تایبەتییەكانی كۆماری ئیسلامی لە ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراواندا دووبارە هێرشیان كردووەتە سەر كوردانی یارسان و 50 كەسی دیكەیان دەستگیر و روانەی زیندانی ئەوین لە شاری تارانیان كردوونە.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە ماوەیەكە كوردانی یارسان لە ئێران لە دژی جیاوازی و بێ رێزییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە ئاینی یارسان دەستیان بە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جۆراوجۆر كردووە و ماوەیەكی پێشتریش سێ كوردی یارسان بۆ ئیدانە كردنی ئەو سیاسەتەی كۆماری ئیسلامی ئاگریان لە جستەی خۆیان بەردابوو.




