بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەرانی سنوری نێوان توركیا و سوریا لەلایەن پۆلیسەوە

ماردین – KDP.info/ هێزەكانی پۆلیس بڵاوەیان بە ژمارەیەك خۆپیشاندەر كرد كە لەدژی دروستكردنی دیواری سەر سنووری نێوان توركیا و سوریا ناڕەزاییان دەردەبڕی. لەو بارەیەوە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆلۆ بڵاویكردەوە كە لە شارەدێی نوسەیبین گروپێك هەوڵی خۆپیشاندانیان دا دژی دروستكردنی دیواری سنوری نێوان سوریا و توركیا، ھێزەكانی پۆلیسیش بڵاوەیان پێ كردن. لەنیوان خۆپیشاندەراندا ئێڕۆڵ دۆرا ئەندام پەرلەمانی ماردین و ڕەشاد كایماز سەرۆكی بەدەیە لەپارێزگای ماردین و عەبدولباری ئەرەن سەرۆكی بەدەپە لە شارەدێی نوسەیبین بەرەو پرۆژەی دروستكردنی دیوارەكە بەڕێكەوتن.
بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی خۆپیشاندان پۆلیس ڕێگەیان بەگرووپەكە نەدا خۆپیشاندان بكەن.
هەندێ لەخۆپیشاندەران دەمامكیان پۆشیبوو و هێزەكانی پۆلیسیان بەردباران دەكرد، پۆلیسیش بە غازی فرمێسكڕێژ بلاوەیان پێكردن.
پاش ئەوە ژمارەیەكیان روویان كردە كۆڵانەكانی پشتەوەی شارەدێكە (نوسەیبین)، لەودیو سنوریش ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی سوریا گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا و پاشان بڵاوەیان كرد.




