لەسەر ئەركی پاشای سعودیە،ماناكانی قورئانی پیرۆز بۆ زمانی كوردی وەرگێڕدرا و چاپكرا

مهككه-تایبەت بەKDP.info/ مەریوان نەقشبەندی بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەشاری مەككەوە رایگەیاند:دوای هەوڵ و ماندوبونی زۆری ژمارەیەك قوتابی و كەسایەتی كورد كە لەعەرەبستانی سعودیە زانستی شەرعی و خوێندنی باڵا دەخوێنن و بەهەماهەنگی لەگەڵ راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم و چەند زانا و شارەزایەكی ئیسلامی لەهەرێمی كوردستان،توانرا ماناكانی قورئانی پیرۆز بۆ زمانی كوردی وەربگێڕدرێت و لەسەر فەرمان و ئەركی شا عەبدوڵا كوڕی عەبدولعەزیز ئال سعود پاشای سعودیە لەلایەن( كۆمەڵەی مەلیك فەهد بۆ چاپكردنی قورئانی پیرۆز) بەدەیان هەزار نسخەی لێ چاپ بكرێت و لەناو كەعبەی پیرۆز لەشاری مەككە و مزگەوتی پێغەمبەر(ص)لەشاری مەدینە بڵاوبكرێتەوە بۆ ئەوەی حاجیانی كورد سوودی لێوەربگرن و لەساڵانی داهاتوشدا لەكاتی گەرانەوەیاندا بەسەر حاجیانی هەرێمی كوردستان وەك دیاری دابەش بكرێت.
بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەش كرد، كە ئێستا زمانی كوردی چوەتە ریزی زیاتر لە 50 زمانی دیكەوە كە لەسەر فەرمان و ئەركی پاشای سعودیە ماناكانی قورئانی پیرۆزی بۆ وەرگێردراوە و چاپكراوە و ئەم هەنگاوە پرۆژەیەكی ئاینی و نەتەوەیی گرنگە بۆ شارەزاكردنی زیاتری حاجیانی هەرێم لەماناكانی قورئانی پیرۆز و پەیامی ئیسلام بەگشتی.




