٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

11 ساڵە لە ئەشكەوتەكاندا دەژین

سەرچاوە: KDP.info

شڕناخ-KDP.info/ دانیشتوانی ئەو گوندانە كە بە هۆی توندوتیژی و نائارامییەوە گوندەكانیان چۆڵ كردبوو، لە چوارچێوەی پرۆژەی گەڕانەوە بۆ گوند، گەڕانەوە زەیدی خۆیان، بەڵام بە هۆی نەبوونی خانوو بەرەوە 11 ساڵە لە نێو ئەشكەوتەكاندا دەژین.

10 بنەماڵەی دانیشتوانی گوندی كورتوڵوش لە ناوچەی ئیدێل ساڵی 2002 گەڕانەوە گوندەكەیان و ماوەی 11 ساڵە لە هەڵومەرجێكی زۆر سەختتدا ژیانی خۆیان بەسەر دەبەن.

 ئەو دانیشتوانە بە هۆی نەبوونی دەرەتانەوە ناچارن لەگەڵ ئاژەڵ و رەشماڵەكانیان لە نێو ئەشكەوتەكاندا ژیان بەسەر ببەن و لە نێو چادرەكاندا سەری خۆیان بشۆن.

مۆختاری گوندی كورتوڵوش محەمەد نووری گەنج بە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: ئەو 10 بنەماڵە سەر بە هۆزی بوتیكانن و ئەو هۆزە زیاتر لە 300 ساڵە دانیشتووی ناوچەكەیە.

محەمەد نووری گەنج گوتی: ناوچەی زێرێنجان و كورتوڵوش تا ساڵی 1992 شوێنی نیشتەجێبوون بووە، بەڵام بە هۆی نائارامی و توندوتیژییەكانی لە ساڵی 1992، دانیشتوانی ئەو ناوچانەیان چۆڵ كردوە و بەرەو ئیستەنبۆڵ و ئەنقەرە رۆیشتوونە و لە چوارچێوەی پرۆژەی گەڕانەوە بۆ گوند ساڵی 2002 گەڕانەوە بۆ زەیدی خۆیان.

محەمەد نووری گەنج باسی نالەباربوونی هەڵومەرجی ژیانی ئەو خەڵكانەی كرد و گوتی: لە سەرەتای گەڕانەوەیاندا بە هۆی نەبوونی خانووبەرەوە دانیشتوانی زێرێنجان لە نێو ئەشكەوتەكاندا دەژیان، ماوەی پێنج ساڵ بەبێ ئاو و كارەبا و رێگاو بان بوون. بە هۆی داواكاریی و هەوڵدانەكانی ئێمەوە، دەوڵەت رێگاوبان، ئاو و كارەبای بۆیان برد.

هێشتای كێشەی خانووبەرەیان هەیە و زۆربەی هەرە زۆریان لە نێو ئەشكەوتەكاندا دەژین. دەیانەوێ منداڵەكانیان بخوێنن، بۆیە ئێمە داوای جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی نیشتەجێبوونیان بۆ دەكەین.

ماشەڵا چیچەك كە یەكێكە لە دانیشتوانی ناوچەكە بەمجۆرە باس لە نەهامەتییەكانی خۆیان دەكات: ژیانمان زۆر زۆر زەحمەتە، زستانان كە باران دەبارێ ئەشكەوتەكانمان پڕ دەبن لە ئاو، ناتوانین سۆبە دابنین چونكە دووكەڵ ناچێتە دەرەوە، سەقفی ئەشكەوتەكان لە بەر دووكەڵ رەش بووەتەوە.

چیچەك گوتی: بۆ چارەسەر كردنی ئەو كێشانە چەندین جار سەردانی لایەنی پەیوەندیدارمان كردووە كەچی هیچ لایەنێك بە هانامانەوە نەهاتووە.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار