٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە رۆژانی جەژندا هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان تۆمار نەكراوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر- KDP.info/ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، ئەو پلانە ئەمنییەی بە هاوكاریی پۆلیسی هاتوچۆ و ئاسایش و زێرەڤانی و هێزە ئەمنییەكانی دیكە بۆ پشووی جەژن دایانڕشتبوو، پلانێكی زۆر سەركەوتوو بوو و لە چوار رۆژی جەژنی قوربانیشدا هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان لە هەولێر تۆمار نەكراوە.

عەمیدی مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاشكرای كرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی هاتوچۆ و ئاسایش و زێرەڤانی و هێزە ئەمنییەكانی دیكە، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەیان بۆ رۆژانی جەژنی قوربان لە هەولێر و دەوروبەری داڕشتبوو و پلانەكەش بە شێوەیەكی زۆر باش جێبەجێ كرا و سەركەوتوو بوو.

 عەمید عەبدولخالق تەڵعەت ڕوونیشی كردەوە، لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا بێجگە لەوەی هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان لە هەولێر تۆمار نەكراوە، تەنیا چەند رووداوێكی هاتوچۆ ڕوویان داوە لەگەڵ چەند حاڵەتێكی شەڕی بچووك، كە دواجار كۆنتڕۆڵ كراون و چەند كەسێكیش بە سووكی بریندار بوون.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، وێڕای ستایشی رۆڵی هێزەكانی پۆلیس، دەستخۆشیی لە هێزی ئاسایش لە بازگەكانی هەولێر و دەوروبەری كرد كە سەرباری ئاسانكاری بۆ هاووڵاتیان و گەشتیاران، ئەركی خۆیان بە باشی ڕاپەڕاندووە و كۆنتڕۆڵی بازگەكانیان زۆر بە سەركەوتوویی كردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار