پەروەردەی كوردی لە قوتابخانەی تایبەتی كورد لە توركیا دەكاتە كەمینە

ئەستەنبۆڵ-KDP.info/ دامەزرێنەری ئەنستیتۆی كوردی لە ئەستەنبۆڵ شەفیق بەیاز لە بارەی پەروەردە بە زمانی كوردی لە قوتابخانە تایبەتییەكاندا رایگەیاند كە ئەو بڕیارەی حكوومەت دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە كورد لە توركیا وەكو كەمینە ئەژمار بكرێت.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی رۆژەڤاكورد بڵاویكردەوە شەفیق بەیاز كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی ئەنستیتۆی كوردی ئەستەنبۆڵ رایگەیاندووە كە بڕیاری دەوڵەت بۆ سەربەست كردنی پەروەردە بە زمانی كوردی لە قوتابخانە تایبەتییەكاندا دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كە كورد لە توركیا وەكو كەمینە ئەژمار بكرێت.
شەفیق بەیاز ئاماژەی بەوە كردووە كە كورد لە توركیا كەمینە نییە بەڵكو دووەمین نەتەوەی سەرەكی ئەو وڵاتەیە و دەبێ دەوڵەت لە بواری پەروەردەدا وەكو چۆن ماف بە توركەكان دەدا بە زمانی خۆیان پەروەردە بكرێن، بەوجۆرەیش ماف بە كورد بدات تا بە زمانی كوردی خۆیان پەروەردە بكرێن.
بەیاز هەروەها داوای لە حكومەتی توركیا كردووە كە دەبێ مافی یەكسانی بداتە زمانی نەتەوە و كەمەنەتەوەكانی دیكەی توركیا، چونكە بەكار هێنانی زمانەكانی دیكە وەكو زمانی كوردی لە قوتابخانە تایبەتییەكاندا دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە ئەو زمانە لە توركیا وەكو زمانی بیانی بناسرێت.




