٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەندەن.. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە چەندین دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجامدا

سەرچاوە: KDP.info

لەندەن -  KRG-   KDP.info/  فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەریتانیا، لە میانەی سەردانەكەیدا بە یاوەری خاتوو بەیان سامی عبدالرحمن نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەریتانیا چەندین دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجامدا و ژمارەیەك كۆڕ و سیمیناری ئەنجامدا.

سەرەتا چاوی كەوت بە لۆرد ماڕلاند نوێنەری تایبەتی دەیڤد كامیرۆن سەرەك وەزیرانی بەریتانیا بۆ كاروباری بازرگانی. لەم دانیشتنەدا گفتوگۆ كرا لەسەر چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندیە بازرگانیەكانی نیوان هەردوولا و تیشك خرایە سەر دوایین سەردانی ناوبراو بۆ كوردستان  و چۆنیەتی كاركردن لەسەر ئەو خاڵانەی كە لە میانەی سەردانەكە باسیان لێوە كرا بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی پەیوەندیە دوو قۆڵیەكان.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان بە بەردەوامی كار دەكات لەسەر بەرەو پێشبردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ بەریتانیا و ووتی: " ئێمە بایەخێكی زۆر بە بەرەو پێشبردنی پەیوەندیەكانمان دەدەین لەگەڵ بەریتانیا چونكە ئەو ووڵاتە وەك هاوبەشێكە بۆ ئێمە."

هەر لە كۆبوونەوەكەدا كە لۆرد كاكار باڵیۆزی سەرەك وەزیرانی بەریتانیا بۆ كاروباری تەندروستی ئامادەبوو گفتوگۆی تێر و تەسەل كرا لەسەر چۆنیەتی هاریكاریكردنی كوردستان لەبواری تەندروستی و بەرەوپێشبردنی ئەو بوارەی هەرێم. ناوبراو ئامادەیی ووڵاتەكەی نیشاندا بۆ هاریكاریكردن لە بواری دروستكردنی سیستەمێكی تەندروستی نوێ لە هەرێمی كوردستان. پرسی پەنابەرە سوریەكانیش تەوەرێكی تری دانیشتنەكە بوو. فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوەدا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواوی هەوڵ كۆشسەكانی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ هاریكاریكردنی ئەو پەنابەرانە و داوای هاریكاری حكومەتی بەریتانیا و ڕێكخراوە ناحكومیەكانی بەریتانیای كرد بۆ پێشكەش كردنی هاریكاری بۆ ئەو پەنابەرانە كە ژمارەیان بەرزبۆتەوە بۆ زیاتر لە 235 هەزار پەنابەر.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا داوای كرد كە كار بكرێت بۆ كردنەوەی گەشتی ئاسمانی راستەوخۆ لە نیوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا و ئاسانتركردنی پرۆسەی ڤیزە لە كوردستان. 

دوواتر بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی هەرێم بەشداریكرد لە كۆبوونەوەیەك كە لە دەزگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بۆ ژمارەیەك نوێنەری كۆمپانیا ناودارەكانی بەریتانیا ئامادە بوون.  سوپاسی دەزگای ناوبراوی كرد بۆ هاریكاری بەردەوامیان بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندیە بازرگانیە دوو قوڵیەكان بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بە تێروتەسەلی باسی لە بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەو پەیوەندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا كرد.

چەندین پرسیار و وەڵام كرا لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری هەرێم و بواری نەوت و گاز و پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ توركیا.  هەروەها ئاماژەی بە پرسەكانی نێوان هەولێرو كرد و ئامادەیی هەرێمی بۆ گفتوگۆ نیشاندا بۆ چارەسەر كردنی كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەردوولا. 

هەر لە درێژەی سەردانەكەیدا، فەلاح مستەفا چاوی كەوت بە ئیان لوكاس بەرپرسی كاروباری دەرەوە لە پارتی كرێكاران. فەلاح مستەفا كورتە باسێكی لەسەر دوایین بارودۆخی سیاسی كوردستان و سەركەوتنی هەڵبژاردنەژكان نیشاندا. هەروەها ئاماژەی بە دوایین هێرشی تیرۆریستی كرد لە شاری هەولێر. بەڕێزیان بەهێزی دەزگاكانی ئاسایشی دووپات كردەوە و ئەویش بە دەستگیركردنی 3 تاوانبار كە دەستیان لە پیلانداڕێژتنەكە هەبوو.

لە لای خۆیەوە ئیان لوكاس دڵگرانی خۆی بەو هێرشە تیرۆریستیە دەربڕی و سەرسامی خۆی بە پێشكەوتنی كوردستان لە هەموو بوارێكەوە دەربڕی و پیرۆزبایی لەو سەركەوتنە مێژووییەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم كرد.

بەرپرسی فەرمانگە باسی لە پرسی پەنابەرانی سوریا لە كوردستان كرد و پێداویستی ئەوانی لە بوارەكانی پەروەردە و تەندروستی  و ژێرخانی ئابووریەوە كرد. ووتیشی كە لە ماوەی 2 مانگدا زیاتر لە 65 هەزار پەنابەر ڕوویان لە كوردستان كردووە و حكومەتی هەرێمی كوردستان كەتەرخەمی نەكردووە، بەڵام پێویستیمان بە هاریكاری و یارمەتی بەریتانیا هەیە بۆ ئەوەی بتوانین پێداویستیەكانی ئاوارەكان دابین بكەین. هەروەها ئاماژەی بە هاریكاری بەریتانیا دا لە بواری ڕاوێژ لە چۆنیەتی بەڕیوەبردنی كاروبارەكانی ئەو پەنابەرانە. 

دوواتر كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ گرووپی دۆستایەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا سازدا كە لە ژمارەیەك پەرلەمانتار و لۆردی ئەو ووڵاتە پێكدێن. سەرەتا سوپاسی هەڵوێست و ماندوونەناسی ئەو گرووپەی كرد لە خزمەتكردنی پرسە رەواكانی كورد و كاری بەردەوامیان لەسەر ناساندنی جینۆسایدی كورد كە لە دەرئەنجامدا پەرلەمانی ئەو ووڵاتە بە فەرمی ئەو جینۆسایدیە ناساند. لەو كۆبوونەوەشدا باس لە بارودۆخی سوریا بە تێر و تەسەل كرا.

فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوەدا كە ئێمە دەمانەوێت كوردەكانی ئەو ووڵاتە چیتر زوڵمیان لێ نەكرێت و مافە بنچینەییەكانیان دابین بكرێت. هەروەها ووتی كە سەركردایەتی كوردستان كار لەسەر ئەوە دەكات كە لایەنی كوردی لە سوریا یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بن. هەر لەو كۆبوونەوەدا وێڕای سوپاسی خۆی بۆ گرووپی ناوبراو لەسەر تەواوی ئەو هەوڵ كارانەی دەیكەن بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەیان، داوای لێكردن كە بەردەوام بن لەو كارانەیان، بە تایبەت لە بواری كردنەوەی گەشتی ئاسمانی نێوان هەرێم و بەریتانیا و ئاسانتركردنی پڕۆسەی بەخشینی ڤیزە كە كاریگەریەكی یەكجار گەورەی لەسەر پێشخستنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولاوە دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار