هێزە ئەمنییەكانی ئێران هێرشیان کردە سەر چەند گوندێك

بانە- KDP.info/ دوای كۆژرانی چەند پاسدارێكی سوپای پاسدارانی ئێران لە دەورووبەری شاری بانە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، هێزە ئەمنییەكان و سوپا لە ناوچەكەدا دەستیان بە ئۆپەراسیۆن كرد و ژمارەیەك كوردی دانیشتووی ناوچەكەیان دەستگیر كرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی رۆژەڤی رۆژ بڵاویكردەوە كە دوای كوژرانی ژمارەیەك پاسداری سوپای پاسدارانی ئێران لە دەورووبەری شاری بانە، ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش لە لایەن سوپا و هێزە ئەمنییەكانەوە بۆ سەر چەند گوندێكی ناوچەكە ئەنجامدراوە.
لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا 24 هاووڵاتی كوردی دانیشتووی ناوچەكە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیر كراون كە تێیایاندا مامۆستا و سێ مۆختاریش هەن.
سەرچاوەكە ئاماژەی پێداوە كە دانیشتوانی سێ گوندی ناوچەكە لەگەڵ بیستنی هەواڵی ئۆپەراسیۆنەكە رایان كردووە و پەنایان بۆ شاخ و چیاكان بردووە.
جێگای ئاماژەپێكردنە حەفتەی رابردوو لە ناوچەی بانە لە رۆژهەڵاتی كوردستان 7 پاسداری سوپای بەیتولموقەدەسی ئێران كوژرابوون.




