لە توركیا ناوی 12 هەزار گوندی كوردان گۆڕاوە

سێرت- KDP.info/ سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سێرت گوڤەن كوزو رایگەیاند: پاكێجی دیموكراتیزەكردنی توركیا هەنگاوێكی گرنگە بۆ چارەسەر كردنی بەشێك لە كێشەكانی توركیا بە تایبەتی گەڕاندنەوەی ناوی ئەو گوند و شوێنانەی كە ناوەكانیان لە كوردییەوە بۆ توركی گۆڕاون.
لەمبارەیەوە رۆژەڤاكورد بڵاویكردەوە كە سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سێرت گوڤەن كوزو لە لێدوانێكدا باسی پاكێجی دیموكراتیزەكردنی توركیای كردووە و رایگەیاندووە كە ئەو پاكێجە وەكو هەنگاوێكی سەرەتایی بۆ چارەسەری بەشێك لە كێشەكانی توركیا بە تایبەتی گەڕاندنەوەی ناوە كوردییەكانی گوند و شوێنەكانی دیكە، هەنگاوێكی گرنگە.
گوڤەن كوزو ئاماژەی بەوە داوە كە بە هۆی سیاسەتی بە تورك كردن و ئاسمیلاسیۆنی دەسەڵاتی پێشووی توركیا ناوی 12 هەزار و 211 گوند و 28 هەزار شوێن و ناوچەی دیكە لە كوردییەوە گۆڕاوە بۆ توركی و دوای 80 ساڵ دووبارە گەڕاندنەوەی ناوە رەسەنەكان مایەی دڵخۆشییە بۆ هەر كەس بە تایبەتی دانیشتوانی ناوچەكە، بۆیە پاكێجی دیموكراتیزەكردنی لە لایەن بەشێكی یەكجار زۆری خەڵكەوە پێشوازی لێ دەكرێت و خەڵك ئەو پاكێجە بە سەرەتایەكی باش بۆ چارەسەری كێشەكان لە قەڵەم دەدات.




