٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

یەكێتی ئەوروپا: هێشتا پرسی كەمەنەتەوەكان لە توركیا چارەسەر نەكراوە

سەرچاوە: KDP.info

برۆكسل    KDP.info  - / كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری توركیا راپۆرتی خۆی سەبارەت بە پێشكەوتنەكانی توركیا ئاشكرا كرد و پاكێجی دیموكراتیزەكردنی توركیا بە هەنگاوێكی باش لە قەڵەم دەدا.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەرلەری توركی بڵاویكردەوە كە رۆژی چوارشەممە كۆمیتەی یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری توركیا راپۆرتی خۆی سەبارەت بە هەنگاوەكانی توركیا بۆ ئەندام بوون لە یەكێتی ئەوروپا ئاشكرا كرد و پاكێجی دیموكراتیزەكردنی توركیا كە لە 30ی مانگی رابردوو ئاشكرا كرابوو بە هەنگاوێكی باش و ئیجابی لە قەڵەم دا.

لە بەشێكی دیكەی ئەو راپۆرتەدا باسی ئەوە كراوە كە حكوومەتی توركیا بەڵێنی داوە بۆ بەهێزتركردنی دیموكراسی لە توركیا هەنگاوی زیاتر بنێت و پاكێجی دیموكراتیزەكردنی توركیایش لە چوارچێوەی ستانداردەكانی یەكێتی ئەوروپادا ئامادە كراوە.

پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی سەربازی و دەسەڵاتی مەدنی كە خاڵێكی گرنگە بۆ ئەوروپا لە راپۆرتەكەی ئەمجارەیشدا خراوەتە روو و نووسراوە دەسەڵاتی مەدەنی توانیویەتی كۆنترۆڵی دەسەڵاتی سەربازی تا رادەیەكی بەرچاو بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە و سەرۆك ئەركانی سوپای توركیاش وەكو رابردوو هەوڵ بۆ دەستوەردانی لە كاروباری سیاسی نادات.

لە راپۆرتەكەدا باسی هەوڵدانەكانی ئامادە كردنی دەستوری نوێی توركیاش كراوە و نووسراوە:  تا ئێستە تەنیا 60 مادە لە دەستوری نوێی توركیا ئامادە كراوە هۆكاریشی ئەوەیە كە لە پرۆسەی ئامادەكردنی دەستوری نوێدا سەمیمیەت و شەفافییەت نییە.

سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری پرسی كوردیش راپۆرتەكە ئاماژەی پێداوە كە حكوومەت بۆ كۆتایی هێنان بە تیرۆر و پاراستنی ئەمنیەتی ئەو ئەندامانەی پەكەكە كە لە توركیا دەكشێنەوە هەنگاوی باشی ناوە. دەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا خاڵێكی گەورەی وەرچەرخانە و لایەنی كوردیش پشتگیری لەو هەنگاوانە كردووە و هیوای ئەوەیە كە لە گەڵ ئەو پرۆسەیەدا ناوچەكانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ لە رووی ئابوورییەوە ببۆژێنەوە و ئەمەیش دەبێتە رێگاخۆشكەر بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد.

لە بارەی قۆناغی چارەسەرییەوە ئاماژە بەوە كراوە كە یەكێتی ئەوروپا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لەو پرۆسەیە دەكەن و رای گشتی توركیایش بە شێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو پشتگیری خۆیان بۆ ئەو پرۆسەیە دەربڕیوە.

سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین و ئازادی راگەیاندن ئەمساڵیش رەخنە ئاراستەی توركیا كراوە و باسی تۆمار كردنی سكاڵا لە دژی رۆژنامەنووسە رەخنەگرەكان لە لایەن بەرپرسانی دەوڵەتەوە كراوە و نووسراوە لە سەر ئازادی رادەربڕین و ئازادی راگەیاندن لە توركیادا ئۆتۆسانسۆر هەیە.

كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا رەخنەكانی ساڵانی رابردووی خۆی لە بارەی پرسی كەمەنەتەوەكان لە توركیا دووبارە كردووەتەوە و نووسیویەتی: كێشەكانی بەردەم عەلەوییەكان، نە كردنەوەی قوتابخانەكانی روهبان، پرسی قوبروس، پێكهاتەی لیژنەی باڵای دادوەر و داواكارەكان هەر وەكو خۆیان ماونەتەوە.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار