بەشیر ئاتالای: میت لەگەڵ ئەوانەی لە دەرەوەی سیاسەتن چاوپێكەوتن دەكات

ئەنقەرە- KDP.info/ جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا بەشیر ئاتالای رایگەیاند: سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری ئێمە لەگەڵ بەدەپە و ئیستیخباراتی توركیایش لەگەڵ چینی دەرەوەی سیاسەت گفتوگۆ دەكەین.
بەشیر ئاتالای بەشداری بەرنامەی باشكەنت كولیسی كەناڵی خەبەر 7ی كرد و چەندین بابەتی گرنگی رۆژەڤی سیاسی شرۆڤە كرد.
لە بارەی رەخنە و هەڵوێستەكانی ئۆپۆزسیونی توركیا لە بەرامبەر پاكێجی دیموكراتیزەكردنی توركیادا ئاتالای گوتی: ئێمە وەكو ئاك پارتی سەبارەت بە گۆڕانكاری و بڕیارەكانی نێو پاكێجی دیموكراتیبوون،چەندین مانگ گفتوگۆمان كرد و سەبارەت بە هەر گۆڕانكاری و هەر هەنگاوێكیش پرسمان بە رای گشتی كردووە.
ئاتالای رایگەیاند: ئێمە دەمانەوێت بارودۆخی توركیا ئاسایی بكەینەوە و لەو چوارچێوەیەشدا دەستمان بە جێبەجێكردنی هەنگاوی دیموكراتیك كردووە، بۆ خۆمان باش دەزانین كە چیمان كردووە و چی دەكەین، چونكە پرس بە خەڵكی خۆمان دەكەین. سەبارەت بە هەر مادە و خاڵێك داوای بیروڕای هاووڵاتیانی خۆمان دەكەین، بۆیە لە سەدا 70ی خەڵكی توركیا پشتگیری لە پاكێجی دیموكراتیبوون دەكات.
لە بارەی پشتگیری كردن لە هەڵوەشاندنەوەی سوێندی قوتابخانە سەرەتاییەكانیشدا ئاتالای رایگەیاند: ئەو سەدا 70یە كە پشتگیری لەو پاكێجە كردووە، پشتگیری بۆ گشتی پاكێجەكە بووە، خەڵك داوای ئاسایی كردنەوەی توركیا و نەمانی توندوتیژی دەكات و دەیەوێت كەس نەبێتە هۆكاری ئێش و ئازاری كەسانی دیكە، بە پێچەوانەی خەڵكی توركیا، ئۆپۆزسیون هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە كە بیر لەو شتانە بكاتەوە.
بەشیر ئاتالای سەبارەت بە رەخنەكانی بەدەپە لە پاكێجی دیموكراتیزەكردنی توركیا رایگەیاند: بەشی هەرە زۆری ئەو هەنگاوانەی دیموكراتیزەكردنی توركیا كە 11 ساڵی رابردوو جێبەجێكراون سەبارەت بە كورد و مافەكانی كورد بوونە، ئاتالای گوتی: ئێمە میراسی عوسمانیمان پێگەیشت، بۆیە ویستمان چوارچێوە بەرفراوانەكەی نێو وجدانی خۆمان جێبەجێ بكەین، چونكە توركیا نەیدەتوانی بەو بارودۆخەی رابردوو بەردەوام بێت.
ئاتالای ئاماژەی پێدا كە بەشی زۆری هەنگاوەكانی نێو پاكێجی دیموكراتیزەكردنی توركیا، تایبەت بوونە بە كورد و مافەكانی كورد كەچی سیاسەتمەدارە كوردەكان هەریەك بە جۆرەیەك ئەو پاكێجەیان هەڵسەنگاندووە، یەك بە كوولەكە و ئەوی دیكەیش بە گۆفرەت ( جۆرە شیرینییەك) وەسفی كردووە و دەڵێن ئەو پاكێجە هیچ گرنگییەكی بۆ ئێمە نییە و ئاماژە بەوە دەكەن كە دەسەڵاتی توركیا دەسەڵاتێكی لاوازە و ئەو پاكێجەیش دەبێتە هۆكاری هەرەس هێنانی قۆناغی چارەسەری. هاوسەرۆكی بەدەپە دەڵێ بە هۆی ئەو پاكێجەوە دیالۆگ نابێت و قۆناغیش بەرێوەناچێت. دەڵێت: سەرۆك وەزیر فێڵباز و ترسنوكە. ئەوانە قسەی ئەو كەسانەن كە پێیان دەگوترێت پیاوی ماقووڵن و ئێستە سیاسەت دەكەن. دەتوانرێت هەر شت بە ئەردۆغان بگوترێت، بەڵام ئەردۆغان ترسنوك و فێڵباز نییە.
جێگری سەرۆك وەزیری توركیا رایگەیاند: ئەو جۆرە كەسانە لە گەڵ ئەواندا چاوپێكەوتن ساز دەكەن، ئەو سیاسەتمەدارانە خاوەن بیروڕا و ئاسۆیەكی زۆر بەرتەسكن و سەیری هەموو توركیا ناكەن، پێویستە تۆزێك وانەی سیاسەت، مێژوو و كۆمەڵناسی بخوێنن و بەرچاوی شۆڤەنی لە بەرچاویان هەڵبگرن و بە چاوێك و بە ئاسۆیەكی بەرفراوانتر سەیری توركیا و راستییەكانی توركیا بكەن.
لە وەڵامی پرسیاری ئایا بەر لە هەڵبژاردن پاكێجێكی دیكە ئامادە دەكرێت یا نا؟ بەشیر ئاتالای رایگەیاند: گۆڕانكاری سیاسی و كۆمەڵایەتی هەنگاوی گرنگن، بۆیە پێویستیان بە بەرنامە و پلانی زۆر گرنگ هەیە.
|
|




