٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

نوێنەرێكی كورد: نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، موزایەدەی سیاسی گەرمتر كردووە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا- تایبەت بە KDP.info/ ئەندامێكی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند پرۆپاگەندەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن بارستەكانەوە دەستپێكردووە،داواكارە بۆ شكاندنی یەكتر نەبێت و هاوڵاتیانیش ئاگادار بن لەو پروپاگەندانە.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەهاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانیەكان، ئەشواق جاف بە (kdp.info)ی راگەیاند: لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بارستە سیاسییەكان دەستیان كردووە بە بانگەشە و موزایەدەی سیاسی و گفتوگۆی توند لەناو هۆڵی پەرلەمانی عێراقدا.

ئەوەشی گوت، ئەوەی پێویستە لەسەر بارستە سیاسییەكان دووربكەونەوە لەیەكتر شكاندن و پەكخشتنی عەمەلەییەی سیاسی لەعێراقدا، بەڵكو پێشبڕكێیەك بكەن تەنیا و تەنیا لە پێناوی خزمەتی گەلی عێراقدا بێت، نەك لایەنێكی دیاریكراو.

رونیشیكردەوە،  مەبەست لەپرۆسەی هەڵبژاردن بۆ دیاریكردنی نوێنەرە تا خزمەتی گەلی عێراق بكات، بۆیە پێویستە هاووڵاتیانیش ئاگادار بن لەو موزایەدە و بانگەشانەی كە دەستی پێكردووە لە لایەن بارستە و لایەنە سیاسییەكانەوە لە عێراقدا بە تایبەتی ئەو ئاراستانەی كار لەسەر لایەنی بەرانبەریان دەكەن و تۆمەتیان بۆ دەبەخشنەوە.

لەكۆتا كۆبوونەوەیدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی 7ی تشرینی یەكەمی 2013 بڕیاریدا ئەگەر لایەنەكان تا 30 ئەم مانگە نەگەنە رێكەوتنێك لەبارەی پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە ئەوا یاسای پێشوو هەموار دەكرێتەوە و پێویستە تا30ی نیسانی 2014 هەڵبژاردنە لەعێراقدا ئەنجام بدرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار