٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پەرلەمانتارێکی کورد: بە پێی دەستور پێویستە ھەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا- تایبەت بەKDP.info/ پەرلەمانتارێکی کورد ئاشکرای دەکات، بەپێی دەستور پێویستە ھەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت، چونکە پەرلەمانتار نوێنەرایەتی ھەموو خەڵکی عێراق دەکات، نەک تەنیا پارێزگایەک.

د. حەمید باڤی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی بە kdp.infoرایگەیاند: بەپێی دەستوری عێراق ھەر پەرلەمانتارێک نوێنەرایەتی 100ھەزار کەس لە پەرلەمان دەکات، بۆیە پێویستە ھەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت و ناکرێت ھەر پارێزگایەک نوێنەری خۆی دیاربکات و تەنیا نوێنەرایەتی ئەو پارێزگایە بکات، بەڵکو لە دەستور ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە نوێنەرایەتی ھەموو خەڵکی عێراق بکات، بۆیە فرە بازنەیی دەبێتە پێچەوانەی دەستور.

د.حەمید باڤی گوتیشی: ئەگەر ھەڵبژاردن فرە بازنەیی بێت مافی خەڵکی عێراق دەخورێت، بە تایبەتیش کورد، چونکە رەنگە لە ھەندێک پارێزگا پەرلەمانتار بەرێژەیەکی زۆر کەم ببێت بە پەرلەمانتار.

باڤی رونیشیکردەوە، ھەندێک وڵاتی ھەرێمی فشار لە سەر لایەنە عێراقییەکان دەکەن، بۆ ئەوەی داواکاری کورد لە بەرچاو نەگیرێت و ھەڵبژاردن فرە بازنەیی بێت، بۆ ئەوەی پێگەی کورد بەھێز نەبێت و ژمارەی کورسییەکانیان کەم بێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە کوتلە کوردییەکان یەک ھەڵوێست بن و سوربن لە سەر داواکارییەکانیان و سازش لە سەر مافی گەلی کوردستان نەکەن.

ماوەیەکە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لە بارەی یاسای ھەڵبژاردن دەکات، بەڵام بەھۆی ھەبوونی بۆچونی جیاواز لە بارەی ئەو یاسایە، تاوەکو ئێستە نەگیشوونەتە ھیچ رێککەوتنێک.

هەواڵی پەیوەندیدار