چوار پارتی کوردی حزبێکی نوێ بەناوی پارتی دیموکراتی کوردستانی رۆژ ئاوا پێکدێنن

رۆژ ئاوای کوردستان-تایبەت بەKDP.info/ سەرۆکی پارتی ئازادی کورد لە سوریا ئاشکرایکرد، لە پێناو زیاتر خزمەتکردنی رۆژئاوای کوردستان چوار پارتی کوردی بڕیاریان داوە یەک بگرن و حزبێک بەناوی پارتی دیموکراتی کوردستانی رۆژ ئاوا پێکبێنن.
مستەفا جومعە سەرۆکی پارتی ئازادی کورد لە سوریا بەkdp.info راگەیاند: ئێمە چوار پارتی کوردی یەکمان گرتووە و حزبێکمان بەناوی پارتی دیموکراتی کوردستانی رۆژ ئاوا پێکھێناوە و بەم نزیکانەش کۆنگرە دەبەستین.
مستەفا جومعە گوتیشی: مەبەست لە یەکگرتنی ئەو چوار حزبە، بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە بەشێوەیەکی باشتر خزمەتی خەڵکی رۆژ ئاوای کوردستان بکەن و قورسایی خۆیان ھەبێت.
جومعە رونیشیکردهوە، ھەر ئەمڕۆش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئێمە کردو پیرۆزبایی لەئێمە کرد بەبۆنەی ئەو یەکگرتنەوە و ئێمەش سوپاسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دهکەین کە ھەمیشە خەمخۆری کورد بووە لە ھەر شوێنێک بێت.




