چوار پەرلەمانتاری BDPدەچنە ناو پارتی HDP

ئەنقەرە - KDP.info/ سەباحەت توونجەل دەڵێت چوار پەرلەمانتاری بەدەپە دەچنە نێو پارتی دیموكراتی گەلان كە بەم دواییانە دامەزراوە. بەپێی هەواڵێكی ئەنادۆڵی توركی پەرلەمانتاری ئیستەنبۆڵی بەدەپە سەباحەت توونجەل بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند، لە رۆژانی 26تا 27ی ئەم مانگە یەكەم كۆنگرەی پارتی دیموكراتی گەلان ساز دەكرێت و گوتی: لە رۆژهەڵات كورد لە سەر ناوی بەدەپە و لە رۆژئاوای توركیایش كورد لە سەر ناوی پارتی دیموكراتی گەلان بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دەكات.
سەباحەت توونجەل لە بارەی جیابوونەوەی چەند پەرلەمانتارێكی بەدەپە رایگەیاند: بۆ باشتر بەرێوەبردنی كاروبارەكان هەر یەك لە سەباحەت توونجەل، سری سورەیا ئۆندەر، ئەرتوغروڵ كوركچو و لەڤەنت توزەل لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لە سەر ناوی پارتی دیموكراتی گەلان دەچنەوە پەرلەمان.
توونجەل گوتی: سەبارەت بە چۆنیەتی بەهێزتركردنی پارتی دیموكراتی گەلان گفتوگۆیەكی بەرفراوانمان كردووە و بڕیارمان داوە كە چەند پەرلەمانتارێكی بەدەپە بچنە نێو رێزەكانی ئەو پارتیە كە تازە دامەزراوە.
سەبەحات توونجەل لە بارەی ئەو كەسانەی كە دەبنە ئەندامی ئەو پارتە نوێیە رایگەیاند: دوای جەژن سەبارەت بە ئەندامەكانی ئەو پارتە دەست بە گفتوگۆیەكی بەرفراوانتر دەكەین.
تونجەل گوتی: پارتی دیموكراتی گەلان پارتییەكە كە كورد تێیادا دەتوانێ درێژە بە تێكۆشانی خۆی بۆ ئازادی بدا، عەلەوی تێكۆشانی خۆیان بكەن و كرێكارەكانیش لەسەر خەباتی خۆیان بەردەوام بن.
سەبارەت بە چۆنیەتی كار و چالاكییەكانی خۆیان لە پەرلەماندا سەباحەت توونجەل رایگەیاند: پەرلەمانتارەكانی پارتی دیموكراتی گەلان و پەرلەمانتارەكانی بەدەپە لە نێو پەرلەماندا پێكەوە كار دەكەن و یەك دەنگ و یەك هەڵوێست دەبن. لە لایەكی دیكە پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئیستەنبۆڵ لەڤەنت توزەل رایگەیاند: بۆ ئەوەی ببم پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان، بڕیارمدا وەك پەرلەمانتاری سەربەخۆ بمێنمەوە و لە كاتی سازدانی یەكەم كۆنگرەی پارتی دیموكراتی گەلان دەبمە ئەندامی ئەو پارتە.




