٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رونكردنەوەیەك لە سكرتێری رۆژنامەوانی د. بەرهەم ساڵح

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی - تایبەت بە KDP.info/  لە رونکردنەوەیەکدا سکرتێری رۆژنامەوانی د. بەرهەم سالح هەواڵێکی  هەفتەنامەی هەواڵ بەدرۆدەخاتەوە، لەم رونکردنەوەیەدا کە دانەیەکی نێردراوە بۆ  KDP.info  هاتووە: لە هەفتەنامەی (هەواڵ) دا هەواڵێكی ناڕاست و  چەواشەكاریی بڵاوكراوەتەوە كە گوایە د. بەرهەم نەیهێشتووە راپۆرتی لیژنەی قەیرانەكانی  ی ن ك بخوێنرێتەوە.

بەپێویستمان زانی وەڵامی ئەو بوختان و چەواشەكارییە بدەینەوە:

 نەخوێندنەوەی رەشنووسی راپۆرتی پلینیۆم بڕیاری (م.س) بوو نەك تەنها كەسێك. دیاریكردنی هۆكارەكانی شكستی هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندنی بەرپرسیارێتی (م.س) و سەركردایەتی لەم دۆخەی ئێستای یەكێتی تەنها بەلیژنەیەكی (م.س) و سەركردایەتی باس ناكرێت و بریاری لێ نادرێت. بۆئەوەی راپۆرتەكە تەنها بۆ پەردەپۆش و تێپەراندنی كێشەكان نەبێت و راستگۆبێت و وورد و لێبڕاوانە دەستنیشانی لێپرسراوێتی و هۆكارەكان بكات، پێویستە كادر و ئەندامانی یەكێتی و ئۆرگانەكانی بەشداری كارا لەداڕشتنی ئەو راپۆرتەدا بكەن. كێشەكانی یەكێتی كێشەی بنەڕەتی و جدین و پێویستی بەچارەسەری ریشەیی هەیە و قابیلی تێپەڕاندن و پەردەپۆشكردن نین. بەدڵنیاییەوە چیترناكرێت ئەم دۆخەی ئێستای یەكێتی و هۆكارەكانی پاشەكشەمان دیزەبەدەرخونە بكرێت، وە دەبێت تێبگەین كە خەڵك سیاسەت و ئاراستەی ئێستای یەكێتی لاقبوڵ نییە.

لە بەشێکی دیکەی رونکردنەوەکەدا هاتووە:  پلینیۆمێكی سەرپێیش ناتوانێت چارەسەری بنەرەتی كێشەكان و بڕیاری چارەنوسساز و یەكلاكەرەوە بدات، بۆیە كۆنگرە پێویستە بۆ بڕیاری گێرانەوەی یەكێتی بۆ سەر ڕێچكەی راستەقینەی خۆی لە بڕیاری سەربەخۆ و وەڵامدانەوەی چاوەڕوانییەكانی خەڵك لە ئازادی و دیموكراسی و چاكسازی ریشەیی. بێگومان دەبێت كۆنگرە دەربڕی ئیرادەی راستەقینەی ئەندامان و جەماوەری یەكێتی بێت دوور لە پێشێلكاری پەیڕەو و بەلارێدابردنی راستیەكان.

لە بەشێکی دیکەیدا بەمجۆرە باسی رۆل و ئاسۆی یەکێتی دەکات:  یەكێتی خاوەن كادر و پێشمەرگەی دێرین و هەزاران هەزار شەهید و جەماوەری دڵسۆز و كەرەستە و ئامرازی هەستانەوەیە. دڵسۆزانی یەكێتی، رێبوارانی كاروانی خەباتی یەكێتی، بە رێبەرایەتی مام جەلال، سوورن لەسەر پاراستنی سەروەرییەكانی یەكێتی.

هەواڵی پەیوەندیدار