٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تارق جەوھەر: بڕیارە نوێیەکی پەرلەمان، نابێتە ھۆی بەرتەسکردنەوەی کاری رۆژنامەوانی

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ پەرلەمانی کوردستان بڕیاری داوە ھەر دەزگایەکی راگەیاندن دوو پەیامنێر دیاری بکەن بۆ رومالکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت: ئەمە نابێتە ھۆی بەرتەسکردنەوەی کاری رۆژنامەوانی و  ئاسانکارییە بۆ دەزگاکان و لە کاتی نەھاتنی ئەو دوو پەیامنێرە کەسێکی دیکە دەتوانێت لە شوێنی ئەوان رومالی دانیشتنەکان بکات.

تارق جەوھەر سارمەمی راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەkdp.infoراگەیاند: مەبەست لەو بڕیارە، رێکخستنی  کاری ناو پەرلەمان و ئاسانکارییە بۆ کاری رۆژنامەوانی و دروستکردنی نوخبەیەکە لە رۆژنامەنووسانی پسپۆر و شارەزا لە کاری پەرلەمانی، ئەمەش ھاوکاری ئێمە و دەزگا راگەیاندنەکان دەکات.

تارق جەوھەر سارمەمی گوتیشی: ئەمە رێگری کردن نییە لە رۆژنامەنووسان و ئەوانەی واش بیردکەنەوە ھەڵە تێگەیشتوون.

سارمەمی راشیگەیاند: ئەم نەریتە تازە نییە لە پەرلەمان و 20ساڵە لە پەرلەمان باج ھەیە و ئەوانەی شارەزاییان ھەیە، دەزانن باج وەرگرتن لە پەرلەمان کارێکی سروشتییە و ئەمەش لە ھەموو پەرلەمانەکانی دونیا ھەیە.

راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رونیشیکردەوە، داوای ئێمە بۆ ئەوەیە ناوی دوو پەیامنێر و دوو وێنەگر بۆ ئێمە رەوانە بکەن، بۆ ئەوەی زیاتر شارەزاییان ھەبێت و تایبەت بن بەو کارەوە، بەڵام لە حالەتی نەھاتنی ئەوانە دەکرێت کەسێکی دیکە لەشوێنیان بێت و بە ھیچ شێوەیەک رێگریان لێ ناکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەم بڕیارەی پەرلەمانی کوردستان بۆتە ھۆی ئەوەی نارەزایەتی ھەندێک لە رۆژنامەنووسانی لێبکەوێتەوە و پێیان وایە ئەمە بەرتەسکردنەوەی کاری رۆژنامەوانییە.

هەواڵی پەیوەندیدار