لە دوای جەژن ئامادەیی گەشتوگوزار دەوامی فەرمی دەستپێدەكات

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لە دوا كۆبوونەوە لە نێوان لیژنەی هاوبەشی وەزارەتی خوێندنی باڵا و دەستەی گشتی گەشتوگوزار، لە كۆی ئەو داواكاریانەی پێشكەش كرابوون و بەتایبەتیش بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە ئامادەیی گەشتوگوزار كە بۆ یەكەمجارە لە شاری هەولێر دەكرێتەوە، بڕیاردرا كە 60 قوتابی بۆ ساڵی 2013 و2014 وەربگیرێت و دەوام بكات، كە 15كچ لە ریزیاندا هەیە و ئەوانی تر كوڕن.
نادر رۆستایی وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان بەkdp.infoراگەیاند: شوێنی دەوام كردنیان لە قوتابخانەی 11 ئەیلولە لە شارۆچكەی عەنكاوەیە، لە بەشی میوانخانە و گەشتیاری، بڕیار درا كە دوای جەژن دەوام دەست پێبكات و پێشوازی لە قوتابی و خوێندكاران بكرێت و مامەلەكانیان لێوەربگیرێت.
جێگای ئاماژەیە ئامادەیی گەشتیای بە هاوبەشی لە لایەن وەزارەتی پەروەردە و دەستەی گشتی گەشتوگوزار بەرێوەدەبردێت و هەردوو وانەی تیۆری و كرداری تێدا دەخوێندرێت. دەرچووانی دەبن بە كادیری مامناوەندی و لە میوانخانەكان خزمەت دەكەن.




