ئیدریس بالوكەن: پاكێجەكانی ئاك پارتی بێ سوودن

ئەنقەرە-KDP.info/جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی بەدەپە ئیدریس بالوكەن رایگەیاند: ئامانجی پاكێجەكانی دیموكراسی توركیا كەم كردنەوەی گوشارەكانی كۆمەڵگەیە بۆ سەر ئاكپارتی و هیچ سوودێكی دیكەیان نییە.
ئیدریس بالكوكەن بۆ ئاژانسی ئاندۆڵو رایگەیاند: پاكێجی دیموكراسی توركیا پاكێجی هەڵبژاردن بوو بۆیە نەیتوانی وەڵامی داواكاریی كەمەنەتەوەكانی توركیا بداتەوە.
لە بارەی چارەسەر كردنی پرسی كورد و پرسەكانی دیكەی توركیاوە بالوكەن گوتی: ئەو پرسانە پرسێك نین كە بە پاكێج یا دوو پاكێج چارەسەر بكرن، پرسی توركیا ئەمەیە كە ئایا كورد، عەلەوی یا كەمەنەتەوەكانی دیكە دەتوانن بە ناسنامەی خۆیان، هەبوونی خۆیان دەرببڕن؟ ئایا ناسنامەی ئەو كەمەنەتەوانە قەبووڵ دەكرێ یا نا؟ پێویستە ئاكپارتی بڕیاری خۆی بدات.
بالوكەن ئاماژەی پێدا كە ئەگەر ئاكەپە سەمیمییە و خاوەن عەقڵیەتی چارەسەر كردنی پرسەكانە ئەوا ئەو هەنگاوانەی كە دەبێ جێبەجێبكرن دیار و بەرچاون و دەبێ پەلە بكات لە جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوانە.




