نێچیرڤان بارزانی: دیموكراسی ئێمە نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە لە گەڵ بەریتانیا بەراوردی پێ بكرێت، بەڵام ئێمە متمانەمان هەیە بەو ئامانجە دەگەین

ڕیپۆرت كۆمپەنی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە، كە رۆژنامەكانی گاردیان و ئیندپێندن و ئیكۆنۆمیك ئۆبزێرفەر بڵاویان كردۆتەوە، بیروڕا لەسەر ئایندەی كوردستان و پلانی ئامانجەكانی سەرۆك وەزیران بۆ چاكسازی پەروەردەیی، هەروها رۆڵی هەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە تیشكی خراوەتە سەر. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان لەچوار چێوەی خولی سێیەمی سەرۆكایەتیەكەیدا لەوەتەی دامەزراندنی كابینەی حكومەتەكەیەوە لە ساڵی 2004ـەوە رۆلێكی سەرەكی بینیوە لە پێشكەوتن و گەشەسەندنی ئابوری وڵات، دوای دەیان ساڵ لە چەوساندنەوە بە دەستی رژێمی پێشووی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئۆتۆنۆمیەكەی بەكار هێنا بۆ بنیاتنانی داهاتوویەكی تازەی پرشنگدار بۆ پێشخستنی هەرێمی كوردستان.
٭ پێتوایە گرنگترین دەسكەوت كامانە بووە لەماوەی كاركردنت؟
نێچیرڤان بارزانی: كوردستان لە ڕابردوو خاوەنی تراژیدیایە، ئێمە بەدەستی سەددام حوسێن لە شاڵاوی ئەنفال 180 هەزار كەسمان لەدستدا، 5000 لادێ وێران كرا، ئەوەی ئێمە لە ساڵی 2004 دەستمان پێ كرد هەنگاوێك بوو بەرەو ئایندە، پێموایە ئەوە گەورەترین دەسكەوت بوو، جەنگی عێراق هەر مانایەكی هەبێ بۆ خەڵكانی دیكە بۆ ئێمە مانای جەنگی ئازادی بوو و هیوای ئایندەی بەخەڵكی كوردستان بەخشی. لە ڕوانگەی نێودەوڵەتیشەوە ئێمە هێشتا لەهەموو بوارەكان ڕێگای دوورودرێژمان لەبەردەم ماوە لە دووبارە بونیادنانەوەی دیموكراسی تا دەكاتە مافی مرۆڤ، ئەوەش پێویستی بە كاتە ئێمە سەركەوتنی مەزنمان بەدەست هێناوە لە بواری پێشخستنی كەرتی ووزە، گەیشتوینەتە قۆناغێكی بەرچاو لە بواری بەرەو پێشچوونی دیموكراسی و ئابووری و مافی مرۆڤ و مافی ئافرەت وسنورداركردنی توندوتیژی ناوخۆیی.
٭ لەناوچەیەكی نائارمدا كەچی لە كوردستاندا ئاشتی بەرقراوە، رۆڵی تۆ چی بووە لەبەرقراركردنی ئەو ئاشتییە؟
نێچیرڤان بارزانی: دوای چەندین ساڵ لە حوكمڕانی كوردی توانیمان ئەوە دووپات بكەینەوە كە ئێمە ئامرازی سەقامگیرین لە هەرێمەكە، هانی دراوسێكانماندا تاكو لەڕێگای دیالۆگ چارەسەری كێشەكانیان بكەن نەك ڕێگەی سەربازی كە ناتوانێ ئاشتی درێژخایەن بەرقرار بكات، لێرە كێشەی ماددەی هۆشبەر نییە، كورد سەڵماندوویەتی كە ئامرازێكە بۆ ئاسایشی ناوچەكەو ئێمە هەوڵمانداوە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لەیەكتری پەیوەندی لەگەڵ دراوسێكانمان دروست بكەین، ئێمە دەست لە كاروباری ناوخۆی ئەوان وەرنادەین و هەوڵیشمان داوە دڵنیایی بەدەست بهێنن ئەوان دەست لە كاروبارمان وەرنەدەن.
٭ كوردستان خاڵیە لە كێشەی تائیفی، ئەم كێشەیە لە تەواوی عێراق بوونی هەیە ئێوە لەسەرچ بنەمایەك سیاسەتتان بنیادناوە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە هەرگیز كیشەی تائیفی و ئاینیمان نەبووە، كاتێك گوندەكانی كوردستان دووچاری وێران كردن هاتن هەموو كورد كرابوونە ئامانج، كەنیسە شانبەشانی مزگەوت ڕوخێنرا، شاڵاوی ئەنفاڵ جیاوازی نەكرد لەنێوان ئایین و تائیفە، ڕژێمی بەعس كوردی فەیلی كرد بووە ئامانج كە شیعە مەزهەبن، كولتووری پێكەوەژیان شتێكی تازە نییە لەم وڵاتە چەندین ساڵە ئەم كولتورە هەر بەم شێوەیەیە، ئێمە هەوڵمانداوە یەكگرتوویی لە كۆمەڵگەی كوردستانی بەدەست بهێنین، دەلێم كوردستانی نەك كوردی چونكە كورد بەتەنیا لێرە ناژی بە پشت بەستن بە كولتوری پێكەوەژیان شتێكی ئاساییە بۆ ئێمە شوێنی سەلامەت بۆ ئەو كریستیانانەی لە ترسی توندوتیژی لە شوێنەكانی دیكەی عێراق دێنە ئێرە دابین بكەین، ئەوان بەشێكن لە كۆمەڵگەی ئێمە.
٭ لەگەڵ بوونی نەیاری توركیا بەرامبەر چەمكی سەربەخۆیی كوردی، چۆن دەتوانی باڵانسی نێوان ئارەزووی كوردستان و نیگەرانی توركیا لەمەڕ دروستكردنی دۆستایەتی ڕابگری؟
نێچیرڤان بارزانی: توركیا وڵاتێكی گرنگە بۆ ئێمە، دەروازەیەو توانیومانە لەگەڵ توركیا لەیەكتر تێبگەین، چەند ساڵێك بەر لە ئێستا توركیا 200 هەزار سەربازی لەسەر سنوور جێگیر كرد بوو كە جێگای هەڕەشە بوو بۆ ئێمە، ئەمڕۆ ئاستی بازرگانیمان لەگەڵ توركیا گەیشتۆتە نزیكەی 10 ملیار دۆلار لە ساڵێكدا، خەریكین دەروازەی دیكەی بازرگانی لەگەڵ توركیا دەكەینەوە، ئێمە شتێكمان هەیە كە ئەوان پێویستیانە ئەویش سەرچاوەی ووزەی پشت پێبەستووە، ئەوانیش شتێكیان هەیە ئێمە پێویستمان پێیە ئەویش دەروازەی چونە جیهانی دەرەوەیە، ئێمە ئەو ڕاستیەمان نەشاردۆتەوە كە كار دەكەین بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندی ووزەی نێوان ئێمە و توركیا، لەسەر ئەو بنەمایە پڕۆژەی بۆڕی گواستنەوەی نەوت و ئالوگۆری هاریكاریكردن بەردەوامە.
٭ تا چەند هیوات بە مساوەمەو ڕێكەوتن هەیە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لە بەغدا، هەروەها لەسەر كام كێشە؟
نێچیرڤان بارزانی: كێشەی گەورە لە بەغدا ئەو ڕێگەیە كە ئەوان بیری لێدەكەنەوە، ئێمە دەبێ بە چاوێكی واقیعیانە سەیری عێراق بكەین، عێراق لە سێ پێكهاتەی سەرەكی پێكهاتووە : شیعە و سوننە و كورد، لە هەڵبژاردنەكان شیعە دەنگ بە شیعە دەدات و سوننە دەنگ بە سوننە دەدات و كوردیش دەنگ بە كورد دەدات، سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق یەك دەنگی كوردی بەدەست نەهێناوە، ئەوەش مانای وایە عێراق لەسەر بنەمای خۆسەپاندن بەڕێوەدەبرێت، ئەو شێوە بیركردنەوەو لۆژیكە دەبێ بگۆڕدرێت، دەبێت رێسایەك بدۆزینەوە بۆ پێكەوەژیان، دڵسۆزی بۆ عێراق وەك وڵات زۆر كاڵ بۆتەوەو لەم مەسەلەیەدا دەبێت واقیعبینانە بین، ئێمە باوەڕمان بە سیستەمی فیدڕاڵی هەیە و ئەوەش مانای جیابوونەوە نییە لە عێراق بەڵكو مانای خۆبەڕێوەبردنە. چۆن سەرۆك وەزیرانێك دەتوانێ وڵات بەڕێوەببات لە كاتێكدا هەموو رۆژ كێشەی لەگەڵ گرووپە جیاوازەكان هەبێ، عێراق پێویستی بە رێكەوتنی هاوبەشی دەسەڵات و دابەشكردنی داهاتی ووزە هەیە، بەم دوو یاسادانانە هەموو كەس دەتوانێ بەشدار بێت بەمەش عێراق دەبێتە سیستەمی فیدڕاڵی و ئەوە تاكە ڕێگایە، ڕێگای دیكە بۆ چارەسەركردنی كێشەی عێراق نییە.
٭ ماددەی 140 ی دەستوری عێراق دەبێت جێبەجێ بكرێت، ئەم ماددەیە نەخشەڕێگای ئەو سنورەی دیاری كردووە كە دەبێت لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەببرێت، كام بڕیار جێگای ڕەزامەندی تۆیە؟
نێچیرڤان بارزانی: دەستوور ڕێگای چارەسەری دیاری كردووە، گەر روونتر بدوێین ئەمەریكا و بەریتانیا كێشەی كەركووك و ماددەی 140یان گەورە كرد، ئەوان ئەو كاریگەریەیان دروست كرد كە كورد هەموو هەوڵێك دەدات كەركووك لەبەر خاتری نەوتەكەی بگەڕێنیتەوە سەر هەرێم، ئێمە بۆ هەموو لایەك سەلماندمان كە مەبەستەكە نەوت نییە، بەڵكو ئێمە لە هەموو شوێنێك نەوتمان هەیە بەتەنكەر دەگوازرێتەوە تا ساڵی 2015 هەناردەی نەوتی هەرێمەكەمان بە بێ كەركووك دەگاتە 1 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا. پرسی كەركووك مەسەلەیەكی هەستیارە بۆ كورد، مەسەلەكە پەیوەندی بە دادوەری هەیە، ماڵی كورد لەلایەن كەسانی دیكە داگیر كراوەو ئێمە داوا دەكەین ئەو ماڵە بەگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەنە ڕاسەقینەكەی، ئەگەر یاسای پشكداری داهاتمان هەبووایە خێراتر كێشەكە چارەسەر دەبوو ئەو كاتە ئاشكراتر دەبوو بۆ هەموو لایەك كە هۆكاری پێداگیریمان لەسەر ماددەی 140 و كەركووك لەبەر نەوت نییە.
٭ لە ڕیفراندۆمێكی نافەرمی لەساڵی 2005 دەركەوت %98 دانیشتوان پشتگیریان لەسەربەخۆیی كوردستان كرد، پێشوەچوونەكانی ئەم پرسە لەداهاتوو چۆن دەبینی؟
نێچیرڤان بارزانی: دەبێت ئەم خاڵە تایبەتە واقیعیانە گفتوگۆی لەسەر بكەین، ئێمە خەڵكێكی جیاوازین، ئێمە عەرەب نین بەڵكو ئێمە نەتەوەیەكی جیاوازین، خاوەنی زمان و كولتووری جیاوازین، ئەگەر لەهەر كوردێك بپرسی ئایا سەربەخۆیی كوردستانت دەوێ، هەموو كەسێك دەڵێ بەڵێ بە منیشەوە، ئەوە خەون و هیوای هەموو كوردێكە، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر بنەمای دەستوور ئێمە بڕیارمانداوە وەك بەشێك لە عێراقی نوێ بمێنینەوە و هێواخوازین دەستوور لەسەرتاپای وڵات جێبەجێ بكرێت، كاری لەپێشینەی ئێمە لە ئێستادا ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان نییە، كاری لە پێشینەمان بریتیە لە پێشخستنی سیستەمی پەروەردەو تەندروستی و بەدامەزراوەیی كردنی دەزگاكان، پاشان سەیری ئایندە دەكەین.
٭ چ هەنگاوێك هەڵدەنێی بۆ گەیشتن بە كۆمەڵگەی وەبەرهێنەری بەریتانی و بڵاوكردنەوەی پەیامی بوونی دەرفەت لە كوردستان؟
نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندیەكی باشمان لەگەڵ پەیمانگەكانی فێركردنی بەریتانی هەیە، 1700 دەرچووی زانكۆ لەژێر رۆشنیای پڕۆگرامی تواناسازیی لەبەریتانیا درێژە بەخوێندن دەدەن، ئەو كارامەیی و دۆستایەتی و فێربوونەی لە بەریتانیا فێری دەبن پەیوەندیەكی پتەو لەنێوان خەڵكی ئێمەو ئەوان دروست دەكات، بەریتانیا یارمەتی ئێمەی داوە لە كەرتی تەندروستی بەتایبەتی لە بواری كوالێتی كۆنترۆڵ، ناتوانم بلێم هێشتا بەریتانیا وەبەرهێنانی گەورەی كردووە لەسێكتەری نەوت، بەڵام بەدەستپێكێكی باش هاتۆتە مەیدان هیوادارین لە ئایندە ڕۆڵیان گەورەتر بێت، ئێمە خۆشحاڵین پارساڵ حكومەتی بەریتانیا بڕیاری زیادكردنی ژمارەی كارمەندانی كونسڵگەریی بەریتانیای لەهەولێری پایتەختماندا لەبەر زیادبوونی خواستی كاركردنی كۆمپانیا بەریتانیەكان لە كوردستان.
٭ تۆ چاكسازی پەروەردەیت خستە كاری لەپێشینەی حكومەت، چۆن ئەو ڕیفۆرمە ئەنجام دەدەیت؟
نێچیرڤان بارزانی: لەماوەی كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیرانی پێشوو دكتۆر بەرهەم ساڵح نەخشە ڕێگایەكی زۆر باش كێشێنرا بۆ ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا، من بەتەواوی هەوڵی جێبەجێكرنیمدا چاكسازی لە خوێندنی باڵا ماوەیەكی زۆری پێویستە، بۆیە پشتگیری بنیادنانی ژمارەیك زانكۆی ئەهلیم كرد، هەروەها هەوڵمدا كەرتی تایبەت بهێنمە ناو خوێندنی سەرەتایی و ئاستەكەنی دیكە، ئێستا من لە گفتوگۆدام لەگەڵ قوتابخانەیەكی تایبەتی بەریتانیا بۆ ئەوەی هانیان بدەم بێن لەكوردستان سەرمایەگوزاری بكەن، نەوەی ئایندە، ئایندەی كوردستانە، كورد گەلێكی زۆر بەتونایە، من هەوڵ دەدەم زۆرترین دەرفەت بۆ منداڵانی كورد فەراهەم بێنم، قەرزی خوێندن بۆ ئەو كەسانە دابین دەكەین كە ناتوانن خەرجی خوێندن دەستەبەر بكەن، زانكۆ حكومیەكانمان لە زۆر ڕێگاوە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگە بەریتانیەكان دەكەن بە فێركردنی زمانی ئینگلیزیشەوە، لەساڵی 1991 تەنیا یەك زانكۆ لەكوردستان هەبوو، ئەمڕۆ زیاتر لە 20 زانكۆی حكوومی و تایبەت هەن، ئەوەش ئەركەكانمان نیشان دەدات لە مەیدانی پێشوەچوونی خوێندن و كۆمەڵگە.
٭ چۆن ئەو پۆستەی خۆت بەكار دەهێنی بۆ ڕێگە گرتن لە ناداپەروەری ئابووری و كۆمەڵایەتی كە بەهۆی داهاتی نەوتەوە سەرهەڵ دەدات؟
نێچیرڤان بارزانی: ئەوە مەسەلەیەكی زۆر هەستیارە، زۆر بە هۆشیارییەوە لە ڕۆژی یەكەمەوە هەوڵمداوە گەندەڵی نەچێتە كەرتی ووزە، پێش ساڵی 2005 هەولێر وەك گوند وابوو ئێستا شارێكی درەوشاوەی پێشكەوتووە، لەگەڵ ئەوەی ڕێگایەكی دوورمان بڕیوە هێشتا ڕێگایەكی دووریشمان لەبەردەم ماوە، بۆ پڕكردنەوەی كەموكوڕیەكان پێویستمان بە 32 بلیۆن دۆلار هەیە لەهەر سێكتەرێك تاكو خەڵك بگاتە ئەو ژیانەی كە خۆی هاوتا دەكاتەوە لەگەڵ ستانداردی نێودەوڵەتی، ناتوانرێت وڵاتێكی ویران بنیاد بنرێتەوە بەم بودجە كەمەی لە بەغداوە دەگات، بەغدا نەوتی كەركووكی دەفرۆشت چەكی پێ دەكڕێ بۆ ئەوەی كورد بكوژێت، ئەمڕۆ ئێمە ئەو چانسەمان هەیە ئەو شتە بەكار بهێنین كە دوێنی بۆ كوشتن و وێرانكرد بەكار دەهات بگۆرین بۆ بنیادنانەوەو هیوا، پێشتریش هەنگاومان هەڵناوە لە دڵنیاكردنەوەی هەموو چینەكانی كۆمەڵگەكەمان كە دەتوانن سود لە بەرەو پێشچوونی سەرچاوەی سروشتی وەرگرن، یاسای نەوت و غاز لەساڵی 2007 لەپەڕلەمانی كوردستان دەرچوو، ئەو یاسایە كۆمپانیا نەوتیەكان ناچار دەكات پارە بۆ دروست كردنی قوتابخانەو نەخۆشخانە و زانكۆ و پێشخستن و ڕاهێنانی هێزی كاری لۆكاڵی دابنێ، هەروەها ئەو ئامانجەشمان جێگیر كردووە كە تاكو سالێ 2016،%90 كارمەندانی نەوت و غاز خەڵكی ئەو ناوچانە بن كە نەوتەكەی لێ دەردەهێنرێت.
٭ چ ستراتێژێكتان لەبەردەست دایە بۆ لكاندنی حكومەت و خەڵك بەیەكەوە، هەروەها بۆ بەرزكردنەوەی بەشداری دیموكراتیانە.
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە دوو سیاسەتمان لەخۆ گرتووە، یەكێكیان گواستنەوەی دەسەڵاتی حكومەت، ئەوەی دیكەش چاڵاك كردنی ئەنجومەنی پارێزگا، لەو باوەڕە داین لەرێگای ئەم دوو هەنگاوە خەڵكێكی زیاتر بەشداری حكومەت دەكەن، ئێمە دەستمان بە تاقیكردنەوەیكی تازە كردووە لە كوردستان كە دەسەڵاتی دارایی و بەڕێوەبردن دەدەین بە ئەنجومەنی پارێزگا. ئەگەر بەتەواوی توانیمان ئەم سیستەمە پیادە بكەین ئەوا زۆربەی كێشەكانمان چارەسەر دەبێت، ئەوە شتێكی نوێیە بۆ ئێمە و دیموكراتی شتێك نییە تۆ بۆ خەڵك بیهێنی وەك ئەوەی ئەمەریكا لە عێراق كردی، ئەوە شپرزەی بەدوای خۆیدا دەهێنی چونكە خەڵك هەموو شتێكیان بەخێرایی دەوێ. لەبەر ئەوە ئەو مۆدیلە نوێیە ئێمە لە قۆناغی گواستنەوەداین، دیموكراسی ئێمە نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە لە گەڵ بەریتانیا بەراوردی پێ بكرێ، بەڵام ئێمە متمانەمان هەیە بەو ئامانجە دەگەین.
٭ ئارەزوو دەكەی كوردستان لە جیهان وێنەی چۆن بێت؟
نێچیرڤان بارزانی: من باوەڕم وایە كوردستان چیرۆكی سەركەوتنی ئەمەریكایە لەعێراق، ئەمەریكا و بەریتانیا سەدامیان لابرد هیوایان بۆ گەڕاندینەوە بۆ هەندێ كەس، سەرۆك بوش و سەرۆك وەزیر تۆنی بلێر تاوانبارن بەڵام بۆ ئێمە پاڵەوانن، ئێمە حەز دەكەین كوردستان وەك ڕێگای گەیشتن بۆ هەموو عێراقیەكان سەیر بكرێت. عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە لە بواری مڕۆیی و سەرچاوەی سروشتی، مومكیناتیش لەم وڵاتە بەشێوەیەكی بەرفرەوان وجودی هەیە، پرسی سەقامگیری كێشەیە، كوردستان ئارامەو هەر وەبەرهێنەرەكی بیانی دەتوانێ كوردستان وەك ڕیگایەكی گەیشتن بەكاربهێنێ بۆ فرەوانكردنی داهاتووی عێراق.
٭ هەوڵت داوە چ بەهایەك و كوالێتیەك لە كابینەی وەزارەتەكەت بچێنێ؟
نێچیرڤان بارزانی: داوام لێكردوون وەك تیم كاربكەن، پێیان دەلێم كە ئێوە وەك یاریزانانی تیپێكی تۆپی پێ وان، كە كێشەیان نەدانی پاسە بەیەكتری، بۆیە ناتونن گۆل تۆمار بكەن، هەوڵمداوە وایان لێبكەم بەیەكەوە كار بكەن، ئەوە حكومەتی هاوپەیمانیە، هەرگیز بەم چاوە سەیرم نەكردوە كە كێ سەر بە چ لایەنێكە، وەك وەزیری حكومەت سەیریان دەكەم، گرنگی نادەم سەر بەكام لایەنن چونكە هەڵسەنگاندنەكان لەسەر بنەمای ئەدای كارەكانیان دەكرێ.
٭ تۆ كوردستان بۆ نەوەی نوێی بنیاد دەنێیت، حەز دەكەیت چۆن ئەم كارەت یاد بكرێتەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: هیوادارم ئەو ماوەیە لە سەرۆكایەتی كردنی حكومەت بە بەمۆدێرنكردنی هەرێمی كوردستان یاد بكرێتەوە تێیدا حكومەتێك دابمەزرێت كە داخوازی و پێداویستی هاووڵاتیانی هەموو ناوچەكان لەخۆ بگرێت، مەبەست لەم كارەی كردوومانە كردنەوەی سەرچاوەی ووزەی خۆمانە تابتوانرێت لەبەرژەوەندی خەڵكی خۆمان بەكار بهێنرێت.
لە ئینگلیزیەوە: مەسعود مەحموود
سەرچاوەThe Guardian newspaper




