٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

گێڕانەوەی ناوی پێشووی چەند گوندێكی دەرسیم

سەرچاوە: KDP.info

ئەنقەرە – KDP.info/ ناوی چەند گوندێكی دەرسیم دەگۆڕرێنەوە بۆ ناوی پێشوویان و بۆ ئەو مەبەستە گوندنشینەكان هەوڵەكانیان چڕ كردۆتەوە. لەوبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی توركیا؛ یەكێك لە خاڵەكانی پاكێجی دیموكراتیزاسیۆن لە توركیا، هەڵگرتنی ناوە سەپێنراوەكانی شارو گوندەكان بوو. هەربۆیە دوای ئاشكراكردنی پاكێجەكە لەلایەن سەرۆكوەزیرانی توركیا (رەجەب تەیب ئەردۆغان)ەوە، خەڵكی زۆربەی گوندەكانی سەربە دەرسیم، كەوتوونەتە خۆیان و دەیانەوێ بەشێوەیەكی رەسمی ناوە سەپێنراوەكان لەسەر گوندەكانیان لابدەن و ناوەكانی پێشووی بۆ بگەڕێننەوە.

ئیسماعیل كاسون، موختاری گوندی پیلڤانك كە ناوی دەدەئەغاچی بەسەردا سەپێنراوە، بە(AA)ی راگەیاند؛ بۆ گۆڕینی ناوی گوندەكەمان لە دەدەئاغاچییەوە بۆ ناوەكەی پێشووی كە پیلڤانكە، هەنگاوی باشمان ناوەو تا ئێستایش كارە كان بەباشی دەڕۆن.

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی پاكێجەكە بە بانگەشەی هەڵبژاردن دادەنێن كاسون گوتی هەرچۆنێك بێ پێویستە سوود لە دەرفەتی باش وەربگرین. گۆڕینی ناوی گوندەكان لەبەرژەوەندیی خۆمانە و هەنگاوی جددیمان ناوە و سوورین لەسەر گۆڕینی ناوەكان.

لەلایەكی دیكەوە یوجەل ئارسڵان كە داوایكردووە ناوی گوندەكەیان لە باشاكچییەوە بگۆڕێ بۆ ناوەكەی جارانی كە تاپدیكە، گوتی ئێستا لە رەسمییاتدا گوندەكەمان بە باشاكچی ناودەبرێ و دوای پاكێجەكە هەوڵەكانمان چڕكردوەتەوە بۆ لادانی ئەو ناوە سەپێنراوە و گێڕانەوەی بۆ ناوی پێشووی.

هەروەها ئارسڵان لەبارەی هەنگاوەكانی داهاتوو گوتی گۆڕینی ناوی گوندەكان بەس نییە، داوای تەواوی مافەكانمان دەكەین. بەهۆی سیستم و یاسای پێشووەوە گەنجەكانمان زمانی كوردییان لەبیر كردووە. پێویستە ئەوە چارەبكرێ. ئێستایش چاوەڕێی پەسەندكردنی یاسای گۆڕینی ناوی گوندەكان دەكەین لەلایەن پەرلەمانەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار