داودئۆغڵو: پشتگیریمان لە هیچ گرووپێكی سەر بە قاعیدە نەكردووە

توركیا – KDP.info/ وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند بەهیچ شێوەیەك هاوكاریی ئەو گرووپانەیان نەكردووە كە پەیوەندیان بە قاعیدەوە هەیە . بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ
ئەحمەد داودئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند توركیا بەهیچ شێویەك هاوكاری و پشتگیری لە هیچ گرووپێكی سەر بە ڕێكخراوی قاعیدەی نەكردووە.
هەورەها ئاماژەی بەوەدا، هەندێ لایەن دەیانەوێت لەڕێی دروستكردنی پروپاگەندەی لەو شێوەیەوە وای نیشان بدەن ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد ڕووبەڕووی تیرۆر دەبێتەوە و بەوەیش رەوایی بدەنە هەڵمەتەكانی ئەسەد.
داودئۆغڵو لە میانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ ھاوتا دانیماركیەكەی (ڤیلی سوڤنداڵ) لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسێكی دانیماركیدا سەبارەت بە دەنگۆی دەستوەردانی توركیا لە كاروباری سوریا بەتایبەت پشگیریكردنی توركیا لەو گرووپانەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كە لە قاعیدەوە نزیكن، رایگەیاند: ئێمە هیچ كاتێك پشگیری هیچ گرووپێكی نزیك لە قاعیدەمان نەكردووە و نەمان هێشتووە سنورەكانی ئێمە بەكار بهێنن.
راشیگەیاند، هەندێ لایەن لەڕێی دروستكردنی پروپاگەندەی ڕەشی هاوشێوەی ئەمەوە دەیانەوێ وای نیشان بدەن ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد ڕووبەڕووی تیرۆر دەبێتەوە تا شەرعیەت بە فشارەكانی بەشار ئەسەد بدەن.
داودئۆغڵو گوتی هیچ كەسێك ناتوانێ زاتی ئەوە بكا گوتەیەكی لەو شێوەیە بەرامبەر توركیا بەكاربهێنێ .
وەزیری دەرەوە لەبارەی ئاوارە سوریەكانەوە رایگەیاند: ئەگەر ئێمە سنورەكانی خۆمان بە ڕووی ئاواری سوریەكاندا دابخستایە، بەسەدان هەزار سوریمان بە برسێتی لەو دیو سنور بەجێدەهێشت، ئەگەر ئەو ئاوارانەشمان تەسلیم بە سەربازی سوری بكردایەتەوە، هەر لەو دیو سنور دەدرانە بەر دەستڕێژی گوللە .
لەسەر پرسی هاوكاریكردنی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دادودئۆغڵو رایگەیاند، وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا و ئەمریكاو وڵاتانی عەرەبی و جیهانی ئیسلامی پشگیری لەو هاوپەیمانییە دەكەن.
هەروەها گوتی ئێمە نامانەوێ دوای دەساڵ وا یادی توركیا بكرێتەوە كە بڵێن توركیا وڵاتێك بووە ڕێگەی بەو كەسانە نەداوە لە دەستی ڕژێمێكی خوێنڕێژ ڕزگاریان بێ، ئێمە دەمانەوێ بڵێن توركیا وڵاتێك بووە بۆ بەدەستهێنانی دیموكراتی هاوكاری كردووین.




