ئەشواق جاف: ناكرێ مەرجەعە دینیەكان لەپلانی ستەم لەكورد لەیاسای هەڵبژاردنەكاندا بێدەنگ بن
بهغدا-KDP.info/ ئەندامێكی هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانیەكان داوا دەكات مەرجە دینیەكانی عێراق فشار دروست بكەن تا بەشی كورد لەیاسای هەڵبژاردنەكاندا بەیەكسانی و دادپەروەرانە بێ.
ئەندامی هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانیەكان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف، بەKDP.infoی راگەیاند : لەرابردوودا مەرجەعییەتە ئاینیەكانی عێراق ستەمیان رەت كردووەتەوە بۆیە پێویستە رۆڵی خۆیان ببین و فشار دروست بكەن دژ بەو هەوڵانەی دەیانەوێ لەیاسای هەڵبژاردنەكاندا ستەم لەگەلی كورد بكرێ.
ئەوەشی گوت، لەسەردەمی رژێمی بەعسی لەسەر كار لادراودا مەرجە دینیەكان زۆر بەبوێرانە رشتنی خوێنی كوردیان حەرام كرد و مایەی نیگەرانی بەعس بوو، لەچوونی ئۆپراسیۆنی دیجلە بۆ ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم و رووبەرووبوونەوەیان لەگەڵ پێشمەرگە فەتوای حەرامی شەڕیان دا، بۆیە پێویستە ئەمجارەش بەرەنگاری ئەو پلان و هەوڵ و ستەمە ببنەوە كە دەیانەوێ ستەم لەگەلی كورد بكرێ لەیاسای هەڵبژاردنەكاندا.
باسی لەوەش كرد، چۆن دەكرێ شارێكی وەكو كەركوك كەرەمزی ستەملێكراویی و پشتگوێخراوییە دۆخێكی تایبەت بۆ دابنرێ كەمەبەست لێی پەكستن و بێبەشكردنی ئەو شارەیە لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق، یاخود دروست كردنی 18 بازنەی هەڵبژاردن تەنیا بەزیانی كوردە كەی دادپەروەرییە لەپارێزگاكانی هەرێمدا نرخی كورسییەك زیاتر لە 40 هەزار بێ كەچی لەناوەراست و باشوور 12 هەزار دەنگ بێ.
جەختی لەوە كردەوە، ئەگەر ئێمە لەپێشتردا لەسەر دەستی رژێمی بەعس پلا ن بۆ قڕكردنمان دانرا بێ و مەرجەعە دینیەكان ئەو كارەیان حەرام كردبێ، یا بەكار هێنانی سوپای عێراق بۆ مەبەستی سیاسی دژ بەكورد بەكار هێنرابێ و ئەومەرجەعانە شەڕی پێشمەرگەیان بەحەرام زانیبێ لەئێستادا پلان و بەرنامە هەیە گەلی كورد بەشخوراو و ستەمی لێبكرێ، بۆیە ناكرێ ئەو مەرجەعە دینیانە كەئێمە وەك گەلی كورد بەیەكێك لەدروشمەكانی رەتكردنەوەی ستەم تەماشای دەكەین بەم ستەمە رازی بێ و پێویستە هەڵوێست و فشاری روونی خۆی رابگەیەنێ.
رۆژی7ی تشرینی یەكەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەكۆی دەنگ بڕیاریدا كە 30ی تشرینی یەكەمی 2013 كۆتا رۆژ دەبێ بۆ رێككەوتنی لایەنەكانی عێراق بگەنە رێكەوتنێك لەبارەی پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، ئەگەرنا ئەوا پێویستە یاسای پێشوو ژمارە 16 ی تایبەت بەهەڵبژاردنەكان هەموار بكرێتەوە.
بڕیاریشدا تا30ی نیسانی 2014 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێ و بۆ ئەو كاتە پێویستە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی دەست بكات بەكار كردن و دیاریكردنی تۆمارەكان و پێویستە حكوومەتی عێراقی بودجە بۆ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تەرخان بكات و پێیان بدات تاوەكو كاروبارەكانیان ئەنجام بدەن، هەروەك كۆبوونەوەكەش هەڵگیرا بۆ رۆژی 22ی ئەم مانگە




