سێشه‌ممه داواكاری بانگێشتكردنی مالیكی ئاراسته‌ی سەرۆكایەتی په‌رله‌مان ده‌كرێت.

ئەندامێكی لیستی عێراقیه رایدەگەێنێت: له‌ماوه‌ی 48 كاتژمێری داهاتوودا داواكاری بانگێشتكردنی مالیكی بۆ په‌رله‌مان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كرێت.
ته‌ڵاڵ زه‌وبه‌عی ئەندامی لیستی عێراقیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگه‌یاند: له‌دانیشتنی سێشه‌ممه‌ی داهاتوودا داواكاری بانگێشتكردنی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیر بۆ لێپرسینەوە لێی ئاراسته‌ی سەرۆكایەتی په‌رله‌مان ده‌كرێت.
زه‌وبه‌عی گوتیشی: ئیئتلافی عێراقیه و فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی كوردستانی ئه‌ركی بانگێشتكردنی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌گرنه ئه‌ستۆ.
ئەوەشی روونكردەوە كە ناوی چه‌ند په‌رله‌مانتارێك دیاری كراوه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێكیان كاندید بكرێت و ئه‌ركی بانگێشتكردنی مالكیی له‌ئه‌ستۆبگرێت.
دووپاتیشی كرده‌وه كه لەنێو كاندیدەكان بۆ ئەم ئەركە ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆكی ئیئتلافی عێراقیه زۆرترین چانسی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ركه بگرێته ئه‌ستۆ.
ناوبراو جه‌ختیشی لەوەكرده‌وه كە بەلای به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كانی هه‌ولێرو نه‌جه‌ف بانگێشتكردنی مالیكی بۆ پەرلەمان و لێپرسینەوە لێی به‌باشترین چاكسازی ده‌زانن.




