ڕاوێژكارێكى تاڵه‌بانى: بڕیارمان داوه فره كوێخایى له‌ناو یه‌كێتى نه‌مێنێت

هه‌ولێر - KDP.info/ ڕاوێژكارێكى به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى نیشتیمانی کوردستان باس له ورده‌كارى گۆڕانكارى له‌ناو یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان ده‌كات و ئاماژه به‌وه ده‌كات که چیتر نابێت فره كوێخایى له‌ناو یه‌كێتىدا بمێنێت.
له‌باره‌ى ڕه‌وشى ناوخۆى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستانه‌وه مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى و ڕاوێژكارى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى بۆ KDP.infoگوتى:" ئێمه كۆبوونه‌وه‌یه‌كى باشى سه‌ركردایه‌تیمان كردووه و به باشى به‌ڕێوه چووه، له كاتێكدا هه‌موو ئه‌ندامان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئاماده بوون و هه‌موو بابه‌ته‌كانى ڕۆژمان تاوتوێ كرد، به‌شێكى دیكه‌ى خاڵه گرنگه‌كانى كۆبوونه‌وه‌که ئه‌وه بووه له دواى 20/10/2013 كه دوا واده‌ى كۆنگره‌ى یه‌كێتیه شه‌رعیه‌تى سه‌ركردایه‌تى ته‌واو ده‌بێت بۆیه ئێمه ڕۆژى 10ى ئه‌م مانگه پلینیۆم ده‌گرین".
له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى پلینیۆمه‌وه ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه مه‌رج نیه هه‌موو بابه‌تێك له‌و پلینیۆمه باس بكه‌ین ئه‌وه‌ى كه هه‌یه باس كردنه له شتى گرنگ و هه‌نوكه‌یى گوتیشى : "یه‌كێك له‌و خاڵانه تازه كردنه‌وه‌ى واده‌ى سه‌ركردایه‌تیه تا كۆنگره".
له‌وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى كه خاڵه‌كانى گفتوگۆى كۆنگره‌ى یه‌كێتى چى ده‌بێت؟
مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو كه سه‌رجه‌م ئه‌و خاڵانه‌ى كه پێگه‌ى به‌هێزى یه‌كێتین و ئه‌و خاڵانه‌ى هۆكارى لاواز بوونى حزبن ده‌یان خه‌ینه‌ڕوو بۆیه هیوادارین له كۆنگره چاره‌سه‌رى ئه‌و بابه‌ته بكه‌ین، چونكه ئه‌و كه‌موو كورتیانه‌ى یه‌كێتى به شه‌و ڕۆژێك ته‌واو نابێت به هه‌نگاوى باش و كرده‌وه‌ى باش چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، له باره‌ى به‌شدارى كردنى حكوومه‌تیشه‌وه ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو یه‌كێكى دیكه له‌و بڕیارانه‌ی یه‌كێتى له‌به‌ر ده‌میدایه بابه‌تى به‌شدارى كردن و به‌شدارى نه‌كردنى حكوومه‌ته گوتى :" دواى ڕاسپاردنى سه‌رۆكى حكوومه‌ت له‌لایه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمه‌وه بۆ پێکهێنانی كابینه‌ى نوێى حكوومه‌ت ئه‌و كاته ئێمه بڕیارى خۆمان ده‌ده‌ین كه وه‌ك پێشوو له حكوومه‌ت بمێنینه‌وه یان ببینه ئۆپۆزسیۆن، چونكه جیا له‌و ڕه‌خنانه‌ى له یه‌كێتى ده‌گیرێت له ئاستى ناوخۆش جه‌ماوه‌رى خۆمان ڕه‌خنه و گله‌ییان هه‌یه بۆیه ده‌بێت ئالیه‌تێك بدۆزرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌نگاو به هه‌نگاو یه‌كێتى له‌م نوشوسته ڕزگارى ببێت، ئه‌وه‌ش به چه‌ند ڕێگایه‌ك: یه‌كه‌م ئه‌وانه‌ى كه‌م ته‌رخه‌من لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت و ده‌نگیان پێنه‌درێت.
دووه‌م ئه‌وه‌ى به توانا‌و چالاك و زیره‌كه بیان هێنینه سه‌ركردایه‌تى.
سێهه‌م له‌وه ده‌چێت ئه‌وانه‌ى ماوه‌یه‌كى زۆره له سه‌ركردایه‌تین و ته‌مه‌نیان هى ئه‌وه نه‌بێت به ویستى خۆیان ده‌ست له كار بكێشنه‌وه".
ئه‌و ئه‌ندامه ئاماژه‌ى به‌وه كرد یه‌كێتى و جه‌ماوه‌رى یه‌كێتى له‌و هه‌ڵمه‌ته گه‌وره‌تره كه له دژى ئه‌نجام ده‌درێت به‌ڵام به مه‌رجێك خۆمان چاك بكه‌ین و كۆنگره‌یه‌كى نه‌وعى ئه‌نجام بده‌ین له كاتێكدا هه‌نگاوى دیكه‌مان له به‌رده‌م دایه له‌وانه هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانی عێراق كه ئه‌وه‌ش تاقى كردنه‌وه‌یه‌كى باشه .
له‌باره‌ى فره گوتارى یه‌كێتىه‌وه مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو كه كۆنگره ده‌توانێت سه‌ركردایه‌تیه‌ك هه‌ڵبژێرێت كه پێکه‌وه ته‌بابن و كاربكه‌ن و ناكۆك نه‌بن وئه‌و فره كوێخایه‌یى كه هه‌یه ده‌بێت بنبڕ بكرێت .




