ئەردۆغان: لەمەودوا ئەسەد وەكو تیرۆریست دەناسم

ئەنقەرە KDPinfo - ئاژانسهکان- / سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند:دوای گفتوگۆ و تاوتوێكردن بڕیاری كۆتایی لەبارەی كەمكردنەوەی ماوەی سەربازی دەدەین. سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: بۆ كەمكردنەوەی ماوەی سەربازی هێشتا بڕیاری كۆتایمان نەداوە و دوای هەڵسەنگاندن و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەمبارەیەوە بڕیاری كۆتایی لێوە دەدەین. ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی كەمكردنەوەی ماوەی سەربازی پێش جەژنی قوربان گوتی ئەو گۆڕانكارییانە دوای جەژن دەكرێن و وەزارەتی بەرگری و سەرۆك ئەركانی گشتیی سوپاش بۆ ئەم مەبەستە چەندین هەنگاویان ناوە و ناتوانین لەو بوارەدا بە پەلە بڕیار بدەین.
سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند ئەو سەرۆكی سوریا وەكو پیاوێكی سیاسی تەماشا ناكات و حیسابی تیرۆریستێكی بۆ دەكات. بەپێی هەوالێكی ئەنادۆڵی توركی سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: كەسێك كە 110هەزار خەڵكی خۆی بكوژێت تیرۆریستە و بەشار ئەسەدیش ئەو كارەی كردووە. رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە ئامادەكردنی پاكێجێكی نوێ بۆ پۆلیس گوتی ئەوانەی كە نابیستن و شتێك بۆ خۆیان دروست دەكەن و دواتر كەناڵەكانی میدیایش بڵاوی دەكەنەوە، تا ئێستا هیچ جۆرە دۆسیە و پێشنیارێكی لەوشێوەیە نەگەیشتۆتە بەردەستم و ئەمە یەكەم جارە لە ئێوەی دەبیستم. لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە خۆشحاڵی ئەمریكا لە هەنگاوەكانی بەشار ئەسەد بۆ لە ناوبردنی چەكە كیمیاییەكانی سوریا، ئەردۆغان گوتی: ئێوە مرۆڤن و منیش مرۆڤم، چۆن دەتوانین تەقدیری كەسێك بكەین كە 110هەزار كەسی كوشتووە، ئایا شتێكی بەمجۆرە دەبێ؟ من پێم وانییە كەس هەبێ دەستخۆشی لە ئەسەد بكات یا تەقدیری ئەسەد بكات و باوەر ناكەم جۆن كیری قسەیەكی بەمجۆرەی كردبێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: من چی دیكە بەشار ئەسەدم وەكو سیاسەتمەدار قەبووڵ نییە، ئەسەد تیرۆریستێكە تیرۆری دەوڵەت پەیڕەو دەكات، راشكاوانە دەڵێم كەسێك كە 110هەزار كەس بكوژێت تیرۆریستە و ئێستا لە سووریا تیرۆری دەوڵەت پەیڕەو دەكربات.




