پەروین بوڵدان: با حكوومەت وەڵامی نامەكانی ئۆجەلان بداتەوە

ئەنقەرە-KDP.info/ سەرۆكی فراكسیۆنی بەدەپە لە پەرلەمانی توركیا پەروین بوڵدان رەخنەی لە پەسەندكردنی تەزكەرەی سوپا ( پرۆژە بڕیاری پێدانی مۆڵەت بە سوپا بۆ سازدانی ئۆپەراسیۆن لە دەرەوەی سنورەكانی توركیا) لە لایەن پەرلەمانەوە كرد و گوتی: ئەو تەزكەرانە هیچ سودێكیان بۆ توركیا نییە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دیموكرات خەبەر بڵاویكردەوە كە سەرۆكی فراكسیۆنی بەدەپە پەروین بوڵدان گوتوویەتی: پەرلەمان بووەتە شوێنی دەركردنی تەزكەرەكان و ئەمەیش نیشانەی بەردەوامی عەقڵیەتی سەربازییە لە توركیا.
بوڵدان رایگەیاند كە ئەو تەزكەرانە هیچ سودێكیان بۆ توركیا نییە و دەبێت حكوومەتی توركیا بیر لە چارەسەری ئاشتیانەی كێشەكان بكاتەوە و واز لە عەقڵیەتی سەربازی بهێنێت و سەردەمیانە بیربكاتەوە.
پەروین بوڵدان سەبارەت بە قۆناغی چارەسەریش گوتوویەتی: بۆ سەرخستنی ئەو قۆناغە ئۆجەلان چەندین نامەی ئاراستەی حكوومەت كردووە، كەچی حكوومەت تا ئێستە وەڵامی ئەو نامانەی نەداوەتەوە و باشتر وایە لە جیاتی ئەو تەزكەرانە حكوومەت وەڵامی نامەكانی ئۆجەلان بداتەوە.




