ئەحمەد ئایدین: لە رابردوو حكومەتەكانی توركیا هەڵەی زۆریان كردووە

سێرت- KDP.info/ پارێزگاری سێرت ئەحمەد ئایدین لە میانی كۆبوونەوەیەكی جەماوەریدا رایگەیاند كە حكوومەتەكانی رابردووی توركیا هەڵەی زۆریان كردووە و ئەو هەڵانە بوونەتە هۆكاری دروستبوونی پێشبڕكێ لە نێوان پێكهاتەكانی توركیادا.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دیاربەكرخەبەر بڵاویكردەوە كە پارێزگاری سێرت ئەحمەد ئایدین رایگەیاندووە: حكوومەتەكانی رابردووی توركیا هەڵەی زۆر گەورەیان كردووە و جیاوازیان لە نێوان پێكهاتە ئاینی و ئەتنیكییەكانی توركیادا كردووە و بە هۆی ئەو هەڵانەیشەوە ناوچەكانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ زەرەر و زیانێكی زۆریان بەركەوتووە.
ئەحمەد ئایدین ئاماژەی پێداوە كە پێشتر سیاسەتی جیاوازی ئەتنیكی لە توركیا پەیڕەو كراوە و بە هۆی ئەو سیاسەتانەوە رۆژئاوای توركیا بە هەڵە لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی توركیا تێگەیشتووە و ئێستە حكوومەت سەرقاڵی سڕینەوەی ئاسەواری ئەو سیاسەتە هەڵهیە.




